ئێران ئاگادارى داوه‌ به‌ عێراق و هه‌رێم له‌به‌ردانه‌وه‌ى به‌نداوه‌کانى

ئازار 26, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق و هه‌رێم له‌لایه‌ن وڵاتى ئێرانه‌وه‌ ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌ له‌ به‌ردانه‌وه‌ى به‌شێک له‌ به‌نداوه‌کانیان، تا عێراق و هه‌رێم ئاماده‌کارى بکه‌ن بۆ ئه‌و ئاوه‌ى له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌رژێته‌ نێو خاکى عێراق.

له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا، ره‌حمان خانى وتى"ئێران ده‌یه‌وێت به‌نداوه‌کانى به‌ر بداته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌رپرسانى عێراق و هه‌رێمى ئاگادار کردۆته‌وه‌ تا ئیحتیاتى خۆیان وه‌ربگرن."

به‌پێى وته‌ى به‌رێوه‌به‌رى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، به‌هۆى لافاوه‌وه‌ ئاوێکى زۆر رۆیشتۆته‌ نێو به‌نداوه‌کانى ئێران، بۆیه‌ ئه‌و وڵاته‌ نیازى به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى هه‌یه‌، ئه‌وانیش ئاماده‌کاریان بۆ هاتنى ئاوێکى زۆر له‌ئێرانه‌وه‌ بۆ نێو به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان کردووه‌.

ره‌حمان خانى، وتیشى"ته‌نها دوێنێ له‌چرکه‌یه‌کدا، هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو هاتۆته‌ نێو به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، که‌ کۆى ئاوه‌که‌ ده‌کاته‌ نزیکه‌ى 90 ملیۆن مه‌تر سێجا، بۆیه‌ چاودێرى به‌نداوه‌که‌ ده‌که‌ین و پلانمان بۆ کۆنترۆڵى ئاوه‌که‌ دارشتووه‌، هیوادارین ئه‌م دۆخه‌ به‌سه‌لامه‌تى تێپه‌ڕێت."

به‌رێوه‌به‌رى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، ئاشکراشیکرد دوا به‌نداوى ئێران که‌ نزیکه‌ له‌ ڕووبارى سیروانه‌وه‌، به‌نداوى داریانه‌، ئه‌م به‌نداوه‌ ده‌رگاى نیه‌ و کاتێک پێ‌ ده‌بێت، ئاوه‌که‌ى ئۆتۆماتیکى ده‌رژێته‌ نێو ڕووبارى سیروانه‌وه‌.

له‌ کۆتایى قسه‌کانیدا بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا، ره‌حمان خانى باسیله‌وه‌شکرد له‌ئێستادا به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان 10 ملیار و 900 مه‌تر سێجا ئاوى تێدایه‌، وتى"پلانمان هه‌یه‌ تا کۆتایى زستان و قۆناغ به‌ قۆناغ 300 ملیۆن مه‌تر سێجاى تر ئاو گل بده‌ینه‌وه‌."

به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، به‌هۆى بومه‌له‌رزه‌کانى ساڵى پار زیانى به‌ر که‌وتووه‌، به‌ڵام به‌رپرسانى به‌نداوه‌که‌ ره‌تیده‌که‌نه‌وه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر به‌نداوه‌که‌ هه‌بێت.

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا