داعش به‌رپـرسیارێتى خۆى له‌ هێرشه‌که‌ى مه‌نبج ڕاگه‌یاند

ئازار 26, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


داعش به‌رپـرسیارێتى خۆى ڕاگه‌یاند له‌و هێرشه‌ى شه‌وى دووشه‌ممه‌ له‌سه‌ر سێشه‌ممه‌ کرایه‌ سه‌ر خاڵێکى پـشکنین له‌ ده‌روازه‌یه‌کى شارى مه‌نبج و له‌ ئاکامدا 7 شه‌ڕڤانى هێزکانى به‌رگرى خۆسه‌رى گیانیان له‌ده‌ست دا.

داعش له‌ ڕاگه‌یاندنێکدا نووسیویه‌تى چه‌کداره‌کانى هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر خاڵێکى پشـکنینى په‌که‌که‌ له‌ ڕۆژئاواى شارى مه‌نبج و 9 ئه‌ندامیان کوشتووه‌ و چه‌که‌کانیان بردوون. داعش هێزه‌ کوردیـیه‌کانى سوریا به‌ هێزى په‌که‌که‌ ناودێرده‌کات.

کۆمه‌ڵه‌ى سوریا بۆ چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ بنکه‌ له‌ به‌ریتانیا ده‌ڵێت شانه‌ نوستووه‌کانى داعش له‌ پشت هێرشه‌که‌وه‌ بوون و جگه‌ له‌و 7 شه‌ڕڤانه‌ى گیانیان له‌ده‌ست‌داوه‌، 3 شه‌ڕڤانى دیکه‌ برینداربوون.

پـێشتر شه‌ڕڤان ده‌رویش گوته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى له‌شکرى مه‌نبج بۆ میدیاکانى ڕاگه‌یاند هێشتا ڕوون نیـیه‌ کێ له‌ پشت هێرشه‌که‌وه‌ بووه‌.