شکسته‌کانى داعش له‌سوریا کاریگه‌رى له‌سه‌ر عێراق هه‌یه‌

ئازار 27, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

به‌رپرسانى عێراق، ده‌ڵێن کۆتایى هاتنى داعش له‌ سوریا، کاریگه‌رى له‌سه‌ر جم و جۆڵ و چالاکیه‌کانى ئه‌و رێکخراوه‌ له‌ عێراقیش هه‌بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگاکانى که‌رکوک، دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین.

حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"جم و جۆڵى داعش له‌ سنورى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین ته‌واو لاواز بووه‌."

وتیشى"داعشه‌کان له‌ قۆناغى بێده‌نگیدان، پێده‌چێت سه‌رقاڵى لێدانى تونیڵ و چاککردنى شوێنى مانه‌وه‌ بن ،تا جێگه‌ بۆ ئه‌وانه‌ش بکه‌نه‌وه‌ که‌ له‌سوریاوه‌ دێنه‌وه‌."

راگرتنى هێرش و جم و جۆڵه‌ چه‌کداریه‌کانیان، له‌کاتێکدایه‌ تا پێش کۆتایى هاتنى داعش له‌سوریا، که‌م ڕۆژ هه‌بوو چه‌کدارانى ئه‌و رێکخراوه‌ له‌سنورى دیاله‌ و که‌رکوک و سه‌ڵاحه‌دین هێرشى چه‌کدارى ئه‌نجام نه‌ده‌ن.

سه‌میر محه‌مه‌د سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى قه‌زاى خانه‌قین له‌ پارێزگاى دیاله‌، جه‌ختیکرده‌وه‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ هێرشه‌کانى داعش بۆ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین وه‌ستێنراون، که‌ ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندى به‌ شکسته‌کانى ئه‌و رێکخراوه‌ له‌سوریا هه‌بێت.

هاوکات ئه‌حمه‌د خورشید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى حه‌ویجه‌ى رۆژئاواى که‌رکوک، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"داعشه‌کان له‌ چیاى حه‌مرین و چیاى قه‌ره‌چوغن، هیچ جم و جۆڵێکى چه‌کداریان نیه‌."

له‌ده‌ستدانى ته‌واوى ناوچه‌کانى سوریا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، وایکردووه‌ ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ چه‌کدارانى ئه‌و رێکخراوه‌ بکوژرێن و ده‌ستگیربکرێن، ئه‌و چه‌کدارانه‌شى که‌ ماونه‌ته‌وه‌، په‌رته‌وازه‌ بوون، به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانیش، هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق ده‌ده‌ن.

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا