نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: زیاتر له‌ 152 هه‌زار که‌س له‌سوریا به‌هۆى هێرشى ئاسمانیـیه‌وه‌ ئاواره‌بوون

ئایار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت له‌ ماوه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو زیاتر له‌ 152 هه‌زار که‌س له‌ ناوچه‌کانى باکورى ڕۆژئاواى سوریا ئاواره‌بوون، پاش ئه‌وه‌ى هێرشه‌ ئاسمانیـیه‌کانى حکومه‌تى سوریا و ڕووسیاى هاوپه‌یمانى بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ زیادیانکردووه‌.

ده‌یڤد سوانسن کاربه‌ده‌ست له‌ ئۆفیسى هه‌ماهه‌نگى بۆ کاروبارى مرۆیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان OCHA ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌ ئاژانسى ده‌نگ‌وباسى فڕانس پـرێس گوت نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به‌و ڕاپـۆرته‌ به‌رده‌وامانه‌ى پـێـیان ده‌گات و ئاماژه‌ به‌ هێرشى ئاسمانى بۆ سه‌ر ناوه‌ند و ژێرخانى شاره‌کان ده‌که‌ن.

باسى له‌وه‌ش کرد ناوچه‌کان که‌وتوونه‌ته‌ باشورى پارێزگاى ئیدلیب و باکورى پارێزگاى حه‌ما که‌ له‌ ژێر ده‌ستى گروپى هه‌یئه‌ت ته‌حریر ئه‌لشامن (به‌ره‌ى نوسره‌ى جاران).

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت له‌ نێوان 29 ى مانگى چوار و 6 ى مانگى پـێنج به‌لایه‌نى که‌م 12 بنکه‌ى ته‌ندروستى بۆردومانکراون، ئه‌و بنکانه‌ش خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستیان پـێشکه‌ش به‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار که‌سى ناوچه‌که‌ ده‌کرد.

ده‌یڤد سوانسن گوتى هێرشه‌کان بوونه‌ته‌ هۆى گیان له‌ده‌ستدانى 3 کارمه‌ندى ته‌ندروستى و ئێستا کار له‌و بنکانه‌ ڕاگیراون.

 

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا