عومان باڵیۆزخانه‌ى خۆى له‌ به‌غدا ده‌کاته‌وه‌

ئایار 11, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق رایگه‌یاند که‌ سوڵتانشینى عومان بڕیارداوه‌، کارى دیپلۆماتى له‌ به‌غدا ده‌ست پێبکاته‌وه‌.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ رایگه‌یاندراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ که‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، محه‌مه‌د عه‌لى حه‌کیم نامه‌یه‌کى له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوڵتانشینى عومان، یوسف بن عه‌له‌وى به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌.

له‌ناوه‌ڕۆکى نامه‌که‌دا، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوڵتانشینى عومان یوسف بن عه‌له‌وى جه‌ختیکردووه‌ته‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌ى باڵیۆزخانه‌ى خۆى له‌ به‌غدا ده‌کاته‌وه‌ و، هه‌روه‌ها کاره‌ دیپلۆماتییه‌کانشى له‌ عێراق ده‌ست پێده‌کاته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "عێراق ئه‌م هه‌نگاوه‌ى سوڵتانشینى عومان به‌ هه‌نگاوێکى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات بۆ پته‌وترکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ردوو وڵات، به‌ تایبه‌تیش بۆ به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوشه‌کان".

ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کرێت که‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ى رابردوودا، پێشوه‌چوونێکى باش له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان عێراق و سوڵتانشینى عوماندا به‌دى هاتووه‌، به‌ تایبه‌تیش هه‌ردوو وڵات رایانگه‌یاندووه‌ که‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ چه‌ند دۆسیه‌کى هه‌رێمییدا، سیاسه‌تى بێ لایه‌نى په‌یڕه‌و بکه‌ن.