Error: No articles to display

ئه‌مه‌ریکا : ده‌بێت کورده‌کانى سوریا به‌شداربن له‌ ده‌ستنیشانکردنى ئاینده‌ى وڵاته‌که‌یان

تشرینی یەکەم 11, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت کوردى سوریا هاوبه‌شێکى مه‌زنن و ده‌بێت قسه‌یان له‌ ئاینده‌ى وڵاته‌که‌یان هه‌بێت و به‌شداربن له‌ دانانى چاکسازیـیه‌کان بۆ سیسته‌مى حوکمڕانى داهاتوو.

مایک په‌مپـێۆ شه‌وى چوارشه‌ممه‌ له‌ ئنستتیوتى جووه‌کان بۆ ئاسایشى نیشتمانى ئه‌مه‌ریکا JINSA له‌ لایه‌ن دکتۆر مایکڵ ماکۆڤسکى سه‌رۆکى ئنستتیوته‌که‌وه‌ پـرسیارى لێکرا له‌ باره‌ى سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریکا به‌رامبه‌ر کورده‌کانى سوریا چۆن ده‌بێت که‌ هاوپه‌یمان بوون له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا.

ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ووتی"بڕوانه‌، به‌ درێژایى ئه‌م ماوه‌یه‌ى له‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیـیه‌ خزمه‌تم کردووه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ کارمان له‌گه‌ڵ کورده‌کانى سوریا کردووه‌. هاوبه‌شێکى مه‌زنن. ئێمه‌ ئێستا کارده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى مسۆگه‌رى بکه‌ین کورسیـیه‌کیان له‌سه‌ر مێزکه‌ هه‌بێت. پـرۆسه‌ سیاسیـیه‌که‌ى ئاماژه‌م پـێکرد، قورسترین به‌شه‌، هۆکارى ئه‌وه‌ى به‌ره‌وپـێشچوونى تیادا نه‌کراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ داوامانکردووه‌ هه‌موو پـێکهاته‌یه‌ک له‌ سوریا بوارى هه‌بێت ببێته‌ به‌شێک له‌ حکومه‌تى ئاینده‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌کرێت و نوێنه‌رایه‌تیـیان نه‌بێت، ئه‌وا نامانه‌وێت به‌شداربین له‌وه‌ى که‌سێک بێت چاکسازیـیه‌کان بۆ ڕه‌وشى سوریا بنووسێته‌وه‌، بۆیه‌ کوردى سوریا به‌ دڵنیایـیه‌وه‌ به‌شێک له‌وه‌ ده‌بن."

پاشان ووتى له‌ ئێستادا شه‌ڕى ناو سوریا له‌ به‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێکدایه‌، ڕژێمى به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆکى سوریا به‌ یارمه‌تى ڕووسیا و ئێران ناوچه‌ى زیاترى خستووه‌ته‌ ژێر کۆنترۆڵى خۆى و هاوکات داعش هه‌رچه‌نده‌ به‌ ته‌واوى له‌ناونه‌براوه‌، به‌ڵام لاوازبووه‌، بۆیه‌ پـێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵسه‌نگاندنێکى ڕژد بۆ ئه‌م پـێشهاتانه‌ى ناو سوریا بکات. گوتیشى هه‌رچه‌نده‌ شکستهێنان به‌ داعش ئامانجى یه‌که‌مى واشنتن بووه‌، به‌ڵام ئێستا دوو ئامانجى دیکه‌ى هه‌یه‌ ئه‌ویش چاره‌سه‌رى سیاسى و ئاشتیانه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ بێته‌ دى و هه‌موو هێزه‌کانى ئێران و وه‌کیله‌کانى ئێران سوریا جێبهێڵن.

وتیشی" ئه‌گه‌ر سوریا مسۆگه‌رى نه‌کات هه‌موو هێزه‌کانى سه‌ر به‌ ئێران به‌ ته‌واوى ده‌کشێنه‌وه‌، ئه‌وا بۆ بنیادنانه‌وه‌ى یه‌ک دۆلارى له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌ستناکه‌وێت."

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا