Error: No articles to display

ئه‌ردۆگان داوا له‌ سعودیه‌ ده‌کات ئاشکراى بکات کێ بکوژانى خاشقچى ناردووه‌

تشرینی یەکەم 31, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رۆکى تورکیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان وتى جێگرى گشتى تورکیا که‌ کار له‌سه‌ر دۆسییه‌ى کوشتنى ڕۆژنامه‌نووسى سعودى جه‌مال خاشقچى ده‌کات داواى له‌ جێگرى گشتى سعودیه‌ کردووه‌ ئاشکراى بکات کێ ئه‌و تیمه‌ى ناردووه‌ که‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ کوشتنى خاشقچیدا.

جێگرى گشتى سعودى سعود موعجه‌ب ڕۆژى دووشه‌ممه‌ و سێشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ هاوتا تورکییه‌که‌یدا کۆبۆوه‌ به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆکردن له‌سه‌ر دۆسییه‌ى کوشتنى خاشقچى له‌ ناو کونسوڵخانه‌ى سعودیه‌دا له‌ ئیسته‌نبوڵ.

له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕیاز وتى ئاگادارى دیارنه‌مانى خاشقچى نیه‌، به‌ڵام موعجه‌ب وتى کوژرانى خاشقچى پێشتر پلانى بۆ داڕێژراوه‌.

سعودیه‌ ده‌ڵێت 18 گومانلێکراویان ده‌ستگیرکردووه‌ و دادگایى ده‌کرێن، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى تورکیا چه‌ند جارێک داواى له‌ سعودیه‌ کردووه‌ ئه‌و گومانلێکراوانه‌ى ڕاده‌ست بکات تاوه‌کو له‌ تورکیا دادگایى بکرێن.

ئه‌ردۆگان له‌ په‌رله‌مانى تورکیادا به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى وت " دوێنێ جێگرى گشتى تورکیا به‌ جێگرى گشتى سعودیه‌ى وت دادگاییه‌که‌ ده‌کرێت له‌ تورکیا ئه‌نجام بدرێت به‌پێى ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌و تاوانه‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ ئه‌نجامدراوه‌."

پێویسته‌ له‌سه‌ر سعودیه‌ ئاشکراى بکات کێ ئه‌و پانزه‌ سعودیه‌ى ناردووه‌ بۆ ئیسته‌نبوڵ بۆ کوشتنى خاشقچی، هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سه‌ش که‌ یارمه‌تى داون له‌ ونکردنى لاشه‌که‌دا.

ئه‌ردۆگان وتى " جێگرى گشتى تورکیا پرسیارى کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى کێ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ى ناردووه‌ بۆ ئێره‌ و پێویسته‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ بکرێت، پێویسته‌ له‌سه‌ر به‌رپرسانى سعودى هاوکاره‌ ناوخۆییه‌کان ئاشکرا بکه‌ن، پێمان بڵێن کێیه‌ ئه‌م که‌سه‌ و ئێمه‌ش ده‌یدۆزینه‌وه‌."

وتیشى " ناتوانین ئه‌م بابه‌ته‌ به‌بێ چاره‌سه‌ر واز لێبێنین و ده‌بێت ئێستا چاره‌سه‌رى بکه‌ین."

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ داواى له‌ سعودیه‌ کرد به‌زووترین کات لێکۆڵینه‌وه‌کان ته‌واو بکه‌ن.

وتى " ده‌بێت ڕاستى ئاشکرا بکرێت. پێمان وایه‌ سه‌ردانه‌که‌ى موعجه‌ب زۆر گرنگه‌ بۆ ئاشکراکردنى ڕاستیه‌کان."

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا