Error: No articles to display

جۆرج بوشى باوک له‌ ته‌مه‌نى 94 ساڵى کۆچى دوایى کرد

کانونی یەکەم 01, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رۆکى پـێشووى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا جۆرج بوشى باوک له‌ ته‌مه‌نى 94 ساڵى کۆچى دواییکرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ جێم مکگراپ وته‌بێژى سه‌رۆک جۆرج بوشى باوک به‌ره‌به‌یانى ڕایگه‌یاند، سه‌رۆک بوشى باوک شه‌وى هه‌ینى له‌ کاژمێر 10 ى شه‌و به‌ کاتى خۆجێیى له‌ شارى هیوستنى ویلایه‌تى ته‌کساس کۆچى دواییکرد.

هه‌روه‌ها جۆرج بوشى کوڕ ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى تویته‌ره‌که‌یه‌وه‌ هه‌واڵه‌که‌ى ڕاگه‌یاند و نووسیویه‌تى 41 هه‌مین سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایى لێکردین.

سه‌رۆک ترامپ پاش بیستنى هه‌واڵه‌که‌ ده‌سـتبه‌جێ له‌ ڕێگه‌ى تویته‌ره‌که‌یه‌وه‌ به‌ ناوى خۆى و مه‌ڵانیا ترامپ خانمى یه‌که‌مى ئه‌مه‌ریکا سه‌ره‌خۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ى سه‌رۆک بوش کرد و باسى له‌ خزمه‌ته‌کانى بۆ وڵاته‌که‌ کرد.

جۆرج بوشى باوک له‌ ساڵى 1989 وه‌ هه‌تا ساڵى 1993 سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا بوو. زیاتر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و به‌ تایبه‌تى له‌ نێو کورددا ناسرا، له‌ پاش ئه‌وه‌ى سنوورێکى بۆ تاوانه‌کانى سه‌دام حسێنى دیکتاتۆرى پـێشووى عێراق دانا، کاتێک له‌ ساڵى 1991 ڕێبه‌رایه‌تى هێرشێکى گه‌وره‌ى هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى کرد بۆ ڕزگارکردنى وڵاتى کوه‌یت له‌ داگیرکارى ڕژێمه‌که‌ى سه‌دام حسێن که‌ سه‌ر ئه‌نجام ڕاپه‌ڕێنى گه‌لانى عێراق و خه‌ڵکى کوردستانى لێکه‌وته‌وه‌ و هه‌رێمى کوردستانى ئه‌مڕۆ که‌وته‌ ژێر پاراستنى کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى و له‌ هێرشه‌کانى ڕژێمه‌که‌ى سه‌دام حسێن پارێزرا هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ى کۆتایى به‌ حوکمڕانى سه‌دام حسێن هێنرا له‌سه‌ر ده‌ستى سه‌رۆک بوشى کوڕ.


بوشى باوک له‌ کاتى جه‌نگى جیهانى دووه‌م خوێندکارى زانکۆ بوو، کاتێک ئه‌مه‌ریکا چووه‌ ناو جه‌نگه‌که‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندى به‌ له‌شکره‌وه‌ کرد و بووه‌ گه‌نجترین فڕۆکه‌وانى فڕۆکه‌کانى سه‌ر که‌شتیـیه‌ جه‌نگیـیه‌کانى ئه‌مه‌ریکا. هه‌تا جه‌نگه‌که‌ کۆتایى پـێهات ئه‌و له‌ خزمه‌تى سه‌ربازى وڵاته‌که‌یدا مایه‌وه‌. پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خوێندن و له‌ زانکۆى یه‌یڵ که‌ یه‌کێکه‌ له‌ زانکۆ ئاست به‌رزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا درێژه‌ى به‌ خوێندنه‌که‌ى خۆى دایه‌وه‌. ساڵى 1948 خوێندنى ته‌واوکرد و له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ى ڕوویان له‌ ویلایه‌تى ته‌کساس کرد و له‌وێ ده‌ستیکرد به‌ کارکردن له‌ بوارى که‌رتى نه‌وت و له‌ ته‌مه‌نى 40 ساڵى له‌ ساڵى 1964 بووه‌ خاوه‌نى کۆمپانیاى نه‌وتى خۆی.

هاوکات تێکه‌ڵ به‌ جیهانى سیاسه‌ت بوو و له‌ ساڵى 1964 خۆى بۆ ئه‌نجومه‌نى سیناتى ئه‌مه‌ریکا کاندیدکرد، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ست نه‌هێنا. دواتر له‌ ساڵى 1966 خۆى بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران کاندیدکرد و بووه‌ نوێنه‌رى بازنه‌ى حه‌وتى ته‌کساس له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا. ساڵى 1971 له‌ لایه‌ن سه‌رۆک ڕیچارد نیکسن له‌ پـۆستى نوێنه‌رى ئه‌مه‌ریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دانرا. پاشان له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆک جێراڵد فۆرد کرا به‌ باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا بۆ چین و دواتر له‌ ساڵى 1976 وه‌ هه‌تا ساڵى 1977بوو به‌ سه‌رۆکى ده‌زگاى زانیارى ئه‌مه‌ریکا CIA.

له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆک ڕۆناڵد ڕیگن له‌ ساڵى 1981 وه‌ هه‌تا ساڵى 1989 بوو به‌ جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى ساڵى 1988 سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ساڵى 1992 له‌ به‌رامبه‌ر بێڵ کلنتنى کاندیدى دیموکراته‌کان شکستى هێنا. دواتر ده‌ستبه‌ردارى کارى سیاسى بوو و وه‌ک چالاکوانێکى خێرخواز خزمه‌تى وڵاته‌که‌ى کرد.

سه‌رۆک جۆرج هێربه‌رت واکه‌ر بوش، به‌وه‌ى له‌ 12 ى مانگى شه‌شى ساڵى 1924 له‌ دایکبووبوو و ڕۆژى هه‌ینى ڕێکه‌وتى 30 ى مانگى دوازده‌ى ساڵى 2018کۆچى دوایى کرد، ته‌مه‌نى بوو به‌ 94 ساڵ و پـێنج مانگ، به‌مه‌ش بووه‌ ئه‌و سه‌رۆکه‌ى ئه‌مه‌ریکا که‌ هه‌تا ئێستا درێژترین ته‌مه‌نى هه‌بووبێت.