دۆزینه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانى ده‌ستى داعش له‌ره‌قه‌

کانونی یەکەم 09, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


چاوه‌ڕوانى ده‌کرێت له‌و شوێنانه‌ى سه‌رده‌مێک خه‌لافه‌تى داعشى لێبووه‌ گۆڕى به‌ کۆمه‌ڵى زیاتر له‌ ڕه‌قه‌ و شوێنى تر له‌ سوریا و عێڕاق بدۆزرێنه‌وه‌.

هه‌فته‌ى رابردوو زیاتر له‌ 500 ته‌رم له‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین گۆڕى به‌ کۆمه‌ڵ له‌ ڕه‌قه‌ى سوریا دۆزرانه‌وه‌، ئه‌و شاره‌ى سه‌رده‌مێک پێته‌ختى گروپى تیرۆرستى داعش بوو.

له‌ دواى ئازادکردنى ره‌قه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌کان به‌پشتیوانى شاره‌که‌ له‌ئوکتۆبرى 2017 ، تیمێکى خۆجێى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانیان له‌ نێو و ده‌رووبه‌رى ڕه‌قه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌.

یاسر خامس له‌ ئه‌نجومه‌نى مه‌ده‌نى شار، ده‌ڵێت: "تا ئێستا ئێمه‌ کارمان له‌ سه‌ر حه‌وت له‌ ده‌ له‌ گۆڕى به‌ کۆمه‌ڵ کردووه‌ که‌ له‌ ڕه‌قه‌ دۆزراونه‌وه‌."

ئه‌و به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاندووه‌: "ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین گۆڕه‌کانى به‌ کۆمه‌ڵ له‌ ره‌قه‌یه‌. ماوه‌ى سێ مانگى خایاند که‌ کارکردنى له‌ سه‌ر ته‌واو بکه‌ین. هه‌ندێک له‌ ته‌رمه‌کان هى چه‌کدارانى داعشه‌، به‌ڵام ئه‌وانى دیکه‌ هى مه‌ده‌نێکانن که‌ له‌ نێویان دا منداڵان و ژنانیان تێدان."

کارناسانى خۆجێى ده‌ڵێن ده‌ورى زیاتر له‌ 1500ته‌رم له‌ گۆڕستانى پانۆرامادا نێژراون، ئه‌و ناوه‌ش هى ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ لێیان دۆزراونه‌وه‌.

گرووپه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ داوایان کرد که‌ ته‌رمه‌کان و به‌ڵگه‌کان بۆ ئه‌گه‌رى دادگاکانى سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌کانى شه‌ڕ بپارێزرێن.

سارا کایالی، لێکۆڵه‌رێکى سوریا له‌ ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ به‌ ئاژانسى په‌یامنێرى ئاسۆشێتدپرێسى وتووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌رمانه‌ به‌ شیوازێکى باش پارێزگاریان لێنه‌کردرین، ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ بێ سه‌ر و شوێن بچێت کاتێک ده‌مانه‌وه‌یت که‌سانێک به‌رپرسیاربکرێن که‌ ئه‌و تاوانانه‌یان ئه‌نجام داوه‌.

پێده‌چێت ئه‌و ته‌رمه‌ دۆزراوانه‌ له‌ گۆڕستانى پانۆراما له‌ دواین ڕۆژه‌کانى چوار مانگ هه‌ڵمه‌ت بۆ ڕزگارکردنى شارى ڕه‌قه‌ له‌ چنگ ده‌وڵه‌تى ئیسلامیدا نێژرابن.
کارناسان ده‌ڵێن ئه‌وان به‌ وردى تاقیکردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر ته‌رمه‌کان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى مسۆگه‌رى ئه‌گه‌رى پێناسه‌ى چه‌کدارانى داعش بکه‌ن.

محه‌مه‌د حاجى حه‌سه‌ن، دوکتورێکى خۆجێى له‌شناسى به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى ووت، "ئێمه‌ چاولێده‌که‌ین بزانین ئه‌و شه‌ڕکه‌رانه‌ خۆجێین یان بیانی. ئێمه‌ له‌ شێوازى له‌شیان، ڕوخسار و جۆرى موویان ڕا ده‌زانین داخوا شه‌رکه‌رانى خۆجێین یان بیانی."

مونجد عیسا، کارناسێکى خۆجێى له‌ ڕه‌قه‌ به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى ووت،"بۆ خێراکردنى ئه‌و ڕه‌وته‌، پێویست به‌ سه‌رچاوه‌ى زیاتر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تى به‌ کارمه‌ندان و کارناسان بکرێت که‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ بدۆزنه‌وه‌ و لێکوڵینه‌وه‌یان له‌ سه‌ر بکه‌ن."

هه‌روه‌ها جه‌ختى کردوه‌ ئه‌و کاره‌ پێویستى به‌ پشتیوانى زیاتر و به‌رچاوى کۆمه‌ڵگاى نێونه‌ته‌وه‌یى هه‌یه‌."

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا