وڵاتانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بڕیار له‌سه‌ر ڕێکه‌وتنێکى جیهانى ده‌رباره‌ى کۆچ ده‌ده‌ن

کانونی یەکەم 11, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


وڵاتانى ئه‌ندام له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بڕیارییاندا له‌سه‌ر ڕێکه‌وتنێکى جیهانى سه‌باره‌ت به‌ کۆچێکى ڕێکخراو که‌ چۆنێتى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ بابه‌تى کۆچدا باشتر ده‌کات، به‌ڵام نزیکه‌ى 30 وڵات به‌شداریان له‌ کۆنگره‌که‌دا نه‌کرد که‌ له‌ مه‌غریب به‌ڕێوه‌چوو.

وڵاتانى ئه‌ندام له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ ژماره‌یان 193 وڵاته‌ بێجگه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ مانگى حه‌وتدا ڕازیبوون له‌سه‌ر ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ جیهانییه‌ که‌ مه‌به‌ست لێى پته‌وکردنى هاریکارییه‌کانه‌ سه‌باره‌ت به‌ کۆچ، به‌ڵام له‌ کۆنگره‌که‌ى ڕۆژى دووشه‌ممه‌دا ته‌نها 163 وڵات به‌فه‌ڕمى ڕێکه‌وتنه‌که‌یان واژۆ کرد.

دواى بڕیاردان له‌سه‌ر ڕێکه‌وتنه‌که‌، وته‌بێژى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان وتى 10 وڵات که‌ زۆربه‌یان ده‌که‌ونه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌وروپاوه‌ له‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌ کشاونه‌ته‌وه‌. له‌کاتێکدا شه‌ش وڵاتى دیکه‌ له‌نێویاندا ئیسرائیل و بولگاریا بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئایا لێى بکشێنه‌وه‌ یاخوود نا. وته‌بێژه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ نه‌دا که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ى دیکه‌ که‌ به‌شداریان له‌ کۆنگره‌که‌دا نه‌کردووه‌ له‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌ ده‌کشێنه‌وه‌ یاخوود نا.

ئه‌مه‌ریکا یه‌کێکه‌ له‌و وڵاتانه‌ى که‌ به‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌ ڕازى نه‌بووه‌ و ده‌ڵێت به‌رنامه‌ى جیهانى سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ سه‌روه‌رى ئه‌مه‌ریکادا یه‌ک ناگرێته‌وه‌.

مه‌به‌ست له‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌ چاره‌سه‌رکردنى بابه‌ته‌کانى وه‌کو چۆنێتى پاراستنى کۆچبه‌ران و پێکه‌وه‌ به‌ستنیان یاخوود گه‌ڕاندنه‌وه‌یانه‌ بۆ وڵاتى خۆیان.

ڕاوێژکارى ئه‌ڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتى هاریکاریکردنى یه‌کترى چاره‌سه‌رێکى گونجاوه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کێشه‌کانى جیهان.

مێرکڵ که‌ ئاماده‌ى کۆنگره‌که‌ى مه‌راکیش بوو له‌ مه‌غریب وتیشى " ڕێکه‌وتنه‌که‌ شایه‌نى ئه‌وه‌یه‌ تێبکۆشیت له‌پێناویدا، ئێستا کاتى ئه‌وه‌یه‌ پێکه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌تى کۆچدا بکه‌ین."

سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئه‌نتۆنیۆ گۆتیرێش وتى بابه‌تى کۆچ پێویستى به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌کى باشتر هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ سوود ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان.

 

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا