پنتاگۆن وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌کانى سه‌رۆکى تورکیا ده‌داته‌وه‌

کانونی یەکەم 13, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا به‌ ناڕاسته‌وخۆ وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌کانى سه‌رۆکى تورکیا ده‌داته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر هێزه‌ کوردییه‌کانى سوریا، ده‌ڵێت هه‌ر کردارێکى له‌و جۆره‌ جێى قبوڵ نییه‌.

شان ڕۆبه‌رتسن وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا ڕاگه‌یاند هه‌ر کردارێکى له‌شکرى تاک لایه‌نه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر چ لایه‌نێکه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت له‌ باکورى ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا، به‌ تایبه‌تى که‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ربازانى ئه‌مه‌ریکایى لێبن یان له‌و نزیکانه‌ بن، جێى نیگه‌رانى زۆره‌، بۆیه‌ هه‌ر کردارێکى له‌و جۆره‌ جێى قبوڵ نیـیه‌.

ده‌شڵێت" هه‌ماهه‌نگى و ڕاوێژکردن له‌ نێوان ئه‌مه‌ریکا و تورکیا تاکه‌ ڕێگه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى بابه‌ته‌کانى په‌یوه‌ست به‌ ئاسایش له‌و ناوچه‌یه‌. ئێمه‌ وابه‌سته‌ین به‌ له‌ نزیکه‌وه‌ کاردکردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ تورکه‌کانمان سه‌باره‌ت به‌ سوریا، به‌ تایبه‌تى بۆ به‌هێزکردنى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى و ڕاوێژکردنى نێوانمان.

ئێمه‌ پـێمانوایه‌ دیالۆگ تاکه‌ ڕێگه‌یه‌ بۆ مسۆگه‌رکردنى ئاسایشى ناوچه‌ سنووریـیه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى به‌رده‌وام، وه‌ بڕوامان‌وایه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ له‌شکریـیه‌کان به‌بێ هه‌ماهه‌نگى ئه‌نجام بدرێن، ده‌بنه‌ مایه‌ى بنکۆڵکردنى به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌ هاوبه‌شه‌کان.

تورکیا بۆ زیاتر له‌ 60 ساڵه‌ هاوپه‌یمانێکى ناتۆیه‌ و هاوبه‌شێکى سه‌ره‌کیـیه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتى جیهانى بۆ تێکشکاندنى داعش. وابه‌سته‌یى فه‌رمیمان هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئاسایشى یه‌کتر. ئێمه‌ به‌ ته‌واوى وابه‌سته‌ین به‌ ئاسایشى سنووره‌کانى تورکیا.

هه‌ڵمه‌تى دژى داعش به‌ کۆتایى نه‌گه‌یشتووه‌. هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان له‌ نزیکه‌وه‌ کارده‌که‌ن له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات، ئه‌وانه‌ى له‌ گه‌رمه‌ى شه‌ڕدان له‌ دژى داعش له‌ دۆڵى نزیک ناوه‌ڕاستى ڕووبارى فورات. هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات هه‌ر به‌ هاوبه‌شێکى وابه‌سته‌ له‌ دژى داعش ده‌مێننه‌وه‌ و ئێمه‌ش وابه‌سته‌ین به‌وه‌ى بمێنینه‌وه‌ کاریان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین بۆ مسۆگه‌رکردنى شکستهێنانى به‌رده‌وام به‌ داعش.

نابێت و ناکرێت له‌م ساته‌ هه‌ستیاره‌ ڕێگه‌ به‌ داعش بده‌ین سه‌ر به‌رزبکاته‌وه‌ یان ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ گه‌ورانه‌ى له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ هاوپه‌یمانه‌کانمان به‌ده‌ستمان هێناون بخه‌ینه‌ به‌ر مه‌ترسیـیه‌وه‌ و خۆمان بخه‌ینه‌ به‌رده‌م مه‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش."

جێى ئاماژه‌یه‌ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکى تورکیا له‌ وتارێکیدا له‌ ئه‌نکه‌ره‌ وتى له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى داهاتوو هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ کوردیـیه‌کانى سوریا، ئه‌وانه‌ى به‌ به‌شێک له‌ په‌که‌که‌ ناودێریان ده‌کات.