ژماره‌ى قوربانییانى رووداوى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ى ئه‌نقه‌ره‌ گه‌یشته‌ 56 که‌س

کانونی یەکەم 13, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رى خێراى گه‌شتى نێوان ئه‌نقه‌ره‌-قۆنیا له‌ میانى چوونه‌ ناوه‌وه‌ بۆ نێو وێستگه‌ى مارشاندیز، خۆى به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێکى رێبه‌ردا ده‌کێشێت که‌ له‌سه‌ر هێڵه‌ ئاسنینه‌که‌یه‌.

ئاژانسى ئه‌نادۆڵ بڵاویکرده‌وه‌ که‌له‌ ئه‌نجامى پێکداکێشانى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ خێراکه‌ به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ رێبه‌ره‌که‌ که‌ چاودێریى هێڵه‌ ئاسنینه‌کان ده‌کات، نۆ که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ که‌ سیانیان کارمه‌ندى میکانیکن و 47 هاووڵاتیى دیکه‌ش برینداربوون.

وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و ژێرخانى تورکیا، جاهید تورهان له‌دواى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى شوێنى رووداوه‌که‌، لێدوانى بۆ رۆژنامه‌وانان دا.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تى رووداوه‌که‌، جاهید تورهان گوتی: "شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ کاتژمێر 6:30 له‌ تێرمیناڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستى به‌جووڵه‌ کردووه‌ و له‌ ده‌ورووبه‌رى 6:36 دا له‌ شارۆچکه‌ى یه‌نیماهاللـه‌ رووبه‌ڕوو خۆى کێشاوه‌ به‌و لۆکۆمۆتیڤه‌ى (شه‌مه‌نده‌فه‌ر) که‌ له‌ پشکنینى رێگاکه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ش رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌که‌ روویداوه‌".

جاهید تورهان باسى له‌وه‌کرد به‌پێى زانیارییه‌کان تا کاتژمێر 10:00 سێ کارمه‌ندى میکانیک و پێنج سه‌رنشین گیانیان له‌ده‌ستدابوو، له‌و 48 سه‌رنشینه‌ برینداره‌ى دیکه‌ که‌ ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ کرابوون، یه‌کێکیان گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

جاهید تورهان هه‌روه‌ها گوتی: "کۆى گشتیى 9 هاووڵاتییمان له‌ئێستادا به‌ هۆى ئه‌م رووداوه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".

وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و ژێرخانى تورکیا، جاهید تورهان ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ ده‌ستکراوه‌ به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌که‌ و راى گشتیى له‌ پێشهاته‌کان ئاگادار ده‌که‌نه‌وه‌.

جاهید تورهان داواى لێخۆشبوونى له‌ خوا بۆ قوربانیان کرد و هیواى زوو چاکبوونه‌وه‌یشى بۆ برینداران خواست.

وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و ژێرخانى تورکیا، جاهید تورهان له‌ وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌وه‌ى که‌ ئایا هیچ که‌سێک له‌ بن شوێنه‌ داڕووخاوه‌که‌دایه‌، گوتی: "له‌ بن شوێنه‌ داڕووخاوه‌که‌دا بریندار نییه‌".

وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و ژێرخانى تورکیا له‌ وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌وه‌یش که‌ بۆچى شه‌مه‌نده‌فه‌ر و لۆکۆلۆتیڤ له‌سه‌ر یه‌ک رێگا بوون، ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌که‌ به‌رده‌وامه‌.

به‌رپرسانى وه‌زاره‌ت له‌باره‌ى رووداوه‌که‌وه‌ شانه‌ى قه‌یرانیان دروستکردووه‌. لیژنه‌یه‌کى سێ که‌سیش له‌ لایه‌ن دامه‌زراوه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونى رووداوه‌که‌ ره‌وانه‌ى ئه‌وێ کراوه‌.

ئه‌وه‌ش زانراوه‌ که‌ 206 سه‌رنشین له‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌دا بوون.