له‌مساڵدا زیارت له‌4 هه‌زار کۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

کانونی یەکەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


رێکخراوى کۆچى نێوده‌وڵه‌تیی رایگه‌یاند : "ئه‌مساڵ له‌ سه‌رانسه‌رى جیهاندا، زیاتر له‌ 4 هه‌زرا که‌س له‌ میانى کۆچکردنى نایاساییدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".

ئاژانسى ئانادۆڵ له‌سه‌ر زارى رێکخراوى کۆچى نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاندووه‌ که‌ ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ئه‌مساڵ له‌ میانى کۆچکردنى نایاساییدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌راورد به‌ هه‌مان ژماره‌ له‌ ساڵى 2017 دا، له‌28% که‌میکردووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌، مه‌رگه‌ کاره‌ساتئامێزه‌کانى رێڕه‌وه‌کانى کۆچ، هێشتا گرنگترین کێشه‌کانى مرۆڤایه‌تیى پێکده‌هێنن. به‌پێى داتاکانى رێکخراوى کۆچى نێوده‌وڵه‌تیى له‌ ساڵى 2018دا، 4476 که‌س له‌ میانى کۆچکردنى نایاساییدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

حاڵه‌ته‌کانى گیانله‌ده‌ستدان له‌ میانى کۆچکردنى نایاساییدا، هاوشێوه‌ى چوار ساڵى رابردوو، ئه‌مساڵیش زۆرترینیان له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاستدا روویانداوه‌. به‌وپێیه‌ى ئه‌مساڵ له‌نێو ده‌ریاکه‌دا، 2217 که‌س که‌ به‌ نیازبوون بۆ ئه‌ورووپا بپه‌ڕنه‌وه‌، گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

گیانله‌ده‌ستدانى کۆچبه‌ر و په‌نابه‌ران به‌ هۆى ئه‌و شه‌پۆلى کۆچه‌ى له‌مساڵانه‌ى دواییدا له‌ ئه‌مریکاى باشووره‌وه‌ بۆ ئه‌مریکاى باکوور ته‌شه‌نه‌ى کردووه‌ له‌ ریزى دووه‌مدا دێت. 511 که‌س که‌ به‌ هۆى هه‌لومه‌رجى ناله‌بار له‌ کیشوه‌رى ئه‌مریکا، کۆچیان کردبوو گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ به‌ هۆى رووداوه‌کانى هاتوچۆ، ژێرئاوکه‌وتنى به‌له‌م و پێکدادانه‌ تونده‌کان و کێشه‌ى ته‌ندروستى له‌ ساڵى 2018دا له‌ ئه‌فریقا، 1386 که‌س و له‌ ئاسیا، 134 که‌س و له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، 121 که‌س و له‌ ئه‌ورووپا، 107 که‌س له‌ میانى کۆچکردنى نایاساییدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.