ژماره‌یه‌ک سیناتۆر ناڕه‌زایى خۆیان به‌رامبه‌ر کشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا ده‌رده‌بڕن

کانونی یەکەم 19, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


ژماره‌یه‌ک له‌ سیناتۆرانى ئه‌مه‌ریکا ناڕه‌زایى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ به‌رامبه‌ر بڕیارى له‌ ناکاوى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سه‌رۆک ترامپ بۆ کشانه‌وه‌ى ته‌واو و به‌ په‌له‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا.

سیناتۆر لینزى گراهام له‌سه‌ر تویته‌ره‌که‌ى نووسیویه‌تی" کاشنه‌وه‌ى ئه‌م هێزه‌ بچوکه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا وه‌ک هه‌ڵه‌ گه‌وره‌کانى ئۆبامایه‌."


پاشان ده‌ڵێت "به‌ڕاست سه‌رۆک ده‌یه‌وێت سنوورێک بۆ ئێرانیـیه‌کان دابنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش کشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌، هاوپه‌یمانه‌ کورده‌کانمان ده‌خاته‌ به‌ر مه‌ترسیـیه‌وه‌."

سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیو ئه‌ویش له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ ڕێگه‌ى فه‌یسبوکه‌که‌یه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 12 خوله‌ک باسى ئاکامه‌ خراپه‌کانى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکاى له‌ سوریا کرد.

ده‌ڵێت ڕاسته‌ داعش دووچارى شکستى گه‌وره‌ بووه‌، به‌ڵام هێشتا جێى مه‌ترسیـیه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تورکیا هێرشبکاته‌ سه‌ر هێزه‌ کوردیـیه‌کان ئه‌وا ئه‌و هێزانه‌ واز له‌ شه‌ڕى داعش ده‌هێنن و ده‌چن به‌رگرى له‌ ناوچه‌ کوردیـیه‌کانى خۆیان ده‌که‌ن، به‌وه‌ش شیانى هه‌یه‌ داعش جارێکى دیکه‌ به‌هێزببێته‌وه‌.

پاشان ئه‌م سیناتۆره‌ کۆماریـیه‌ ده‌ڵێت به‌ ده‌رچوونى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا هێنده‌ى دیکه‌ بوار بۆ ئێرانیـیه‌کان ده‌ڕه‌خسێت له‌و وڵاته‌ خۆیان و گروپه‌کانى سه‌ر به‌خۆیان وه‌ک حزبوڵڵاى لوبنان به‌هێزبکه‌ن و مه‌ترسى زیاتر بۆ سه‌ر ئاسایشى ئیسرائیل دروستببێت.

دواتر مه‌ترسى خۆى ده‌رده‌بڕێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى که‌س متمانه‌ى به‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌مێنێت، ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر خۆمان به‌راورد بکه‌ین به‌ ڕووسیا و ئێران، ئه‌وه‌تا ئه‌وان هێشتا به‌ هاوپه‌یمانى ئه‌سه‌د ماونه‌ته‌وه‌ و به‌رگرى لێده‌که‌ن. ده‌ڵێت ڕکابه‌رانى ئه‌مه‌ریکا، له‌وانه‌ ڕووسیا ئه‌م خاڵه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ ڕاکێشانى وڵاتانى وه‌کو میسر و ئوردن و سعودیـیه‌ به‌ لاى خۆیدا. ده‌شڵێت ئه‌م نه‌مانى متمانه‌یـیه‌ هه‌ر له‌ سنوورى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ناوه‌ستێت، به‌ڵکو ته‌واوى جیهان ده‌گرێته‌وه‌. نمونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ژاپـۆن و کۆریاى باشور بکه‌ونه‌ ژێر فشارى چین، ئه‌وا ئه‌مه‌یان له‌به‌ر چاو ده‌بێت و متمانه‌یان به‌ ئه‌مه‌ریکا نابێت و به‌ داواکانى چین قایل ده‌بن.