له‌ هه‌ڵمه‌تێکى دژه‌ تێرۆردا 17 که‌س ده‌ستگیرده‌کرێن

کانونی دووەم 16, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پـۆلیسى هه‌رێمى که‌ته‌لۆنیاى ئیسپانیا ده‌ڵێت 17 که‌سیان ده‌ستگیرکردووه‌ که‌ زۆربه‌یان خه‌ڵکى وڵاتانى عه‌ره‌بین و پـێنجیان به‌ نیازبوون هێرشى تێرۆرستى له‌ شارى به‌رشلۆنه‌ى پایته‌ختى هه‌رێمه‌که‌ ئه‌نجام‌بده‌ن.

پـۆلیسى که‌ته‌لۆنیا له‌سه‌ر تویته‌ره‌که‌ى نووسیویه‌تى له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ده‌زگاى دژه‌ تێرۆر له‌ به‌رشلۆنه‌ و شارى ئیگوالادا ئه‌نجامى دابوو، 17 که‌س ده‌سـتگیرکراون.

پـۆلیس له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ى نووسیویه‌تى هه‌ڵمه‌ته‌که‌ى ئه‌مڕۆیان له‌ ئه‌نجامى ساڵێک له‌ چاودێرى و لێکۆڵینه‌وه‌ بووه‌. 16 که‌سیان له‌ به‌رشلۆنه‌ ده‌ستگیرکراون و یه‌کێکیان له‌ شارى ئیگوالادا.

پـێنج که‌سه‌که‌ى به‌ نیازبوون هێرشى تێرۆرستى ئه‌نجام بده‌ن ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 33 ساڵ بۆ 44 ساڵه‌، بریتین له‌ 3 جه‌زائیری، یه‌ک لیبی، یه‌ک عێراقی. 12 که‌سه‌که‌ى تر تێکه‌ڵه‌یه‌کن له‌ جه‌زائیرى و میسرى و عێراقى و مه‌غریبى و لوبنانى و ئیسپانی.

پـۆلیس پارچه‌ ڤیدیۆیه‌کى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و تیایدا نیشانى ده‌دات هێزه‌کانى پـۆلیس و ئاسایش شوێنێک ده‌پشکنن و که‌سێکیان ده‌سـتگیرکردووه‌.

جێى وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ 17 ى مانگى هه‌شتى ساڵى 2017 که‌سێکى مه‌غریبى له‌ شارى به‌رشلۆنه‌ ژماره‌یه‌ک که‌سى به‌ ئۆتۆمبیل کرد به‌ ژێره‌وه‌ و له‌ ئاکامدا 14 که‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا. داعش به‌رپـرسیارێتى خۆى له‌و هێرشه‌ ڕاگه‌یاند.

 

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا