نوێنه‌رى کۆریاى باکوور گه‌یشته‌ ئه‌مه‌ریکا

کانونی دووەم 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


نوێنه‌رى کۆریاى باکوور گه‌یشته‌ واشنتن به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا مایک په‌مپیۆ و له‌وانه‌شه‌ چاوى به‌ سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا دانۆڵد ترامپ بکه‌وێت به‌ ئامانجى ڕێکخستنى کۆبوونه‌وه‌ى دووه‌م له‌نێوان واشنتن و پیۆنگیانگدا.

نوێنه‌رى کۆریاى باکوور له‌ هه‌مان ڕۆژدا گه‌یشته‌ واشنتن که‌ سه‌رۆک ترامپ تیایدا پلانى ستراتیژیى نوێى ئاسمانى وڵاته‌که‌ى ڕاگه‌یاند که‌ کۆریاى باکوور به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى نائاسایى ناودێر ده‌کات. ئه‌مه‌ش حه‌وت مانگ دواى ئه‌وه‌ى له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕابه‌رى کۆریاى باکوور کیم جۆنگدا سه‌رۆک ترامپ وتى هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک نه‌ماوه‌ له‌لایه‌ن کۆریاى باکووره‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌کى نزیک له‌ پلانه‌که‌وه‌ وتى نوێنه‌رى باڵاى دانوستانه‌کانى ناوه‌کیى کۆریاى باکوور له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا کیم یۆنگ چول له‌گه‌ڵ په‌مپیۆدا کۆده‌بێته‌وه‌ و سه‌ردانى کۆشکى سپیش ده‌کات.


سه‌رچاوه‌که‌ وتیشى پێشبینى ده‌کرێت له‌ سه‌ردانى به‌رپرسه‌که‌ى کۆریاى باکووردا پلانه‌کانى ڕێکخستنى کۆبوونه‌وه‌ى دووه‌م له‌نێوان سه‌رۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئوندا ڕابگه‌یه‌نرێت.

ده‌زگاى هه‌واڵى یۆنهابى کۆریاى باشوور وتى سه‌رۆکى هه‌واڵگرى کۆریاى باکوور کیم یۆنگ چول به‌ گه‌شتێکى بازرگانییه‌وه‌ له‌ په‌کینه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ واشنتن. یۆنهاب و ده‌زگاکانى دیکه‌ى هه‌واڵى کۆریاى باشوور ئاماژه‌یان به‌وه‌دا نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌مه‌ریکا بۆ کۆریاى باکوور ستیڤن بیگیۆن له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى داڵاس به‌خێرهاتنى کیمى کردووه‌.

جێى ئاماژه‌یه‌ وابڕیاربوو له‌ مانگى یانزه‌ى ساڵى ڕابردوودا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا مایک په‌مپیۆ چاوى به‌ هاوتا کۆرییه‌که‌ى بکه‌وێت به‌ڵام له‌ دوا ساته‌کاندا کۆبوونه‌وه‌که‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

 

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا