ترامپ هه‌فته‌ى داهاتوو وتارى ساڵانه‌ى سه‌رۆک پـێشکه‌ش ده‌کات

کانونی دووەم 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


هه‌رچه‌نده‌ خانم نانسى پـلۆسى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌دۆناڵد ترامپ وتارى ساڵانه‌ى سه‌رۆک له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ به‌رده‌م هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نى کۆنگرێس پـێشکه‌ش بکات، به‌ڵام کۆشکى سپى به‌رده‌وامه‌ له‌ پـلانه‌کانى بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ى وتارێکى ته‌له‌فیزیۆنى دۆناڵد ترامپ بۆ سه‌رانسه‌رى وڵات له‌ ئێواره‌ى 29 ى مانگى یه‌ک.

وته‌بێژى کۆشى سپى سارا سانده‌رس ئێواره‌ى سێ شه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانى ووت، له‌م کاته‌دا ئێمه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چین که‌ سه‌رۆک وتارێک له‌سه‌ر ڕه‌وشى وڵات له‌ ڕۆژى سێ شه‌ممه‌ى داهاتوو له‌ کۆنگرێس پێشکه‌ش بکات.

کاربه‌ده‌ستێکى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ مه‌رجێک ناوى ئاشکرا نه‌کرێت ڕایگه‌یاندووه‌، بۆ چاوه‌ڕوانکردنى ئه‌و وتاره‌ ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ ئیمێلێک له‌سه‌ر داواى کۆشکى سپى بۆ ئه‌و کاربه‌ده‌سته‌ى کۆنگرێس نێردراوه‌ که‌ کار له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى یاساو پرۆتۆکۆڵه‌کان ده‌کات.

کاربه‌ده‌ستانى کۆشکى سپى ده‌شڵێن، پلانى ئالته‌رناتیڤیش هه‌ن بۆ پیشکه‌شکردنى وتاره‌که‌ که‌ له‌ شوێنێکى تره‌وه‌ پێشکه‌ش بکرێت له‌ ناویاندا له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کى سیاسیدا. ئه‌مانه‌ش ده‌که‌ونه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى داخستنى کاره‌کانى حکومه‌ت هه‌تا که‌ى به‌رده‌وام ده‌بن.

جێگرى وته‌بێژى کۆشکى سپى هۆگان جیدلى سه‌رله‌به‌یانى ڕۆژى سێ شه‌ممه‌ له‌ که‌ناڵى فۆکس نیوز ڕایگه‌یاند :" نانسى پـلۆسى بۆى نیـیه‌ به‌ سه‌رۆک بڵێت که‌ى و له‌ چ کاتێک بۆ هاوڵاتیانى ئه‌مه‌ریکا قسه‌ بکات."


له‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو پـلۆسى داواى له‌ ترامپ کرد وتاره‌که‌ى دوابخات یان بیدات به‌ یاسادانه‌ران. ئه‌و نیگه‌رانى له‌مه‌ڕ ئاسایشى ده‌ربڕی، ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد به‌شێک له‌ ده‌زگاى پاراستنى کاربه‌ده‌سته‌ باڵاکانى ئه‌مه‌ریکا و وه‌زاره‌تى ئاسایشى نیشتمانى به‌ر داخستنه‌که‌ى حکومه‌تى فیدراڵى ئه‌مه‌ریکا که‌وتوون که‌ له‌ کۆتایى مانگى دوازده‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

کۆشکى سپى نکوڵى له‌وه‌ ده‌کات هیچ گرفتێک هه‌بێت بۆ دابینکردنى ڕێوشوێنى ئاسایشى ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌، سه‌ره‌ڕاى داخستنى هه‌ندێک له‌ ده‌زگاکانى حکومه‌تى ئه‌مه‌ریکا.

له‌ هه‌نگاوێکدا که‌ وه‌کو تۆڵه‌کردنه‌وه‌ دژ به‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران داده‌نرێت ترامپ ڕێگه‌ى نه‌دا پـلۆسى فڕۆکه‌ى له‌شکرى ئه‌مه‌ریکا به‌کاربهێنێت بۆ گه‌شتێکى شاندێکى کۆنگرێس بۆ سه‌ردانیکردنى سه‌ربازانى ئه‌مه‌ریکا له‌ ئه‌فغانستان.

 

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا