په‌نابه‌رێکى سورى له‌ ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر تاوانى جه‌نگ سزا درا

کانونی دووەم 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دادگایه‌کى پـیاداچوونه‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا بڕیارى زیندانیکردنى بۆ په‌نابه‌رێکى سورى ده‌رکرد به‌ تۆمه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى جه‌نگ و به‌شداریکردن له‌ ڕفاندنى کارمه‌ندێکى ئاشتیپارێزى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ سوریا بۆ به‌رژه‌وه‌ندى به‌ره‌ى نوسره‌.

ئاژانسى ده‌نگ‌وباسى فڕانس پـرێس ده‌ڵێت دادگاکه‌ بڕیارى دا سلێمان ئه‌ل‌ـ س ته‌مه‌ن 28 ساڵ 4 ساڵ و 9 مانگ زیندانیبکرێت له‌سه‌ر ڕفاندنى کارل کامپو ڕاوێژکارى پـێشووى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروبارى یاسایى له‌ ساڵى 2013 له‌ دیمه‌شق.

سلێمان له‌ ساڵى 2014 گه‌یشته‌ ئه‌ڵمانیا و له‌وێ داواى مافى په‌نابه‌رى کرد و ده‌سه‌ڵاتداران داواکه‌یان په‌سه‌ندکرد.

مانگى یه‌کى ساڵى 2016 ده‌ستگیرکرا به‌ تۆمه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى جه‌نگ له‌ وڵاته‌که‌ی، به‌وه‌ش بووه‌ یه‌که‌م هاوڵاتى سورى له‌ ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌ ده‌ستگیربکرێت.

دادگاى شتوتگارت له‌ مانگى نۆى ساڵى 2017بڕیارى دا 3 ساڵ و 6 مانگ زیندانى بکرێت به‌ تۆمه‌تى هاندان و یارمه‌تیدان له‌ ڕفاندنى کارمه‌ندێکى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، به‌ڵام داواکارى گشتى ئه‌ڵمانیا ناڕه‌زایى خۆى به‌رامبه‌ر بڕیارى دادگا ده‌ربڕى و گوتى سلێمان نه‌ک ته‌نیا یارمه‌تى دابوو، به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆى به‌شدارى له‌ ڕفاندنه‌که‌دا کردبوو. بۆیه‌ تانه‌ى له‌ بڕیاره‌که‌ گرت و که‌یسه‌که‌ ڕه‌وانه‌ى دادگاى پـیاداچوونه‌وه‌ کرا.

جێى ئاماژه‌یه‌ کارڵ کامپو هاوڵاتیـیه‌کى که‌نه‌دیـیه‌ و له‌ به‌رزایـیه‌کانى گۆلان بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کارى ده‌کرد، له‌ ساڵى 2013 ڕفێندرا به‌ ده‌ستى چه‌کدارانى به‌ره‌ى نوسره‌، ئه‌وه‌ى ئێستا ناوى گۆڕدراوه‌ بۆ هه‌یئه‌ت ته‌حریر ئه‌لشام. ئه‌م گروپه‌ توندڕه‌وه‌ سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌یه‌ داواى 7 ملیۆن دۆلارى ده‌کرد بۆ ئازادکردنی. به‌ڵام دواى هه‌شت مانگ کارڵ توانى له‌ ده‌ستیان هه‌ڵبێت.

پاش ڕزگاربوونى کتێبێکى له‌ باره‌ى ڕفاندنه‌که‌ى نووسى و تیایدا باسى له‌ مه‌ینه‌تیـیه‌کانى کردووه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌و گروپه‌وه‌. ده‌ڵێت زۆر ئازاریان دابوو و به‌ زۆریش ناچاریان کردبوو ببێته‌ موسڵمان.

 

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا