سیناتۆرێکى ئه‌مه‌ریکایى : کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا بڕیارێکى ژیرانه‌ نییه‌

کانونی دووەم 24, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سیناتۆر بۆب مێنیندێز ده‌ڵێت کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا بڕیارێکى ناژیرانه‌یه‌ و کورده‌کان ده‌خاته‌ به‌ر مه‌ترسى هێرشى تورکیا و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش په‌یامێکى خراپ به‌ جیهان ده‌دات.

سیناتۆر بۆب مێنیندێز له‌سه‌ر تویته‌ره‌که‌ى نووسیویه‌تی: " به‌ کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا به‌بێ به‌رنامه‌ و ڕه‌چاوکردنى ڕه‌وشه‌که‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ترامپ ده‌ستبه‌ردارى کورده‌کان ده‌بێت که‌ نزیکترین هاوپه‌یمانمانن له‌م شه‌ڕه‌دا. ئه‌مه‌ بڕیارێکى ناژیرانه‌یه‌ و ئاکامێکى زۆر خراپى لێده‌که‌وێته‌وه‌ و زیان به‌ هاوپه‌یمانانمان و ئاسایشى نیشتمانیمان و خه‌ڵکى سیڤیلمان ده‌گه‌یه‌نێت."

ئه‌م سیناتۆره‌ که‌ که‌سایه‌تیـیه‌کى گه‌وره‌ى دیموکراته‌کانه‌، پـێشتر له‌ چاوپـێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵى CNN مه‌ترسى خۆى ده‌ربڕى له‌وه‌ى کورده‌کانى سوریا به‌ ده‌ستى تورکیا به‌ کوشت بچن و گوتى بڕواى به‌ به‌ڵێنه‌کانى تورکیا نیـیه‌ که‌ کورده‌کان نه‌کاته‌ ئامانج، ده‌ڵێت تورکیا پـێشتر چه‌ندان جار به‌ڵێنى خۆى نه‌بردووه‌ته‌سه‌ر.

پاشان وتى جێهێشتنى کورده‌کان په‌یامێکى ترسناک و خراپ به‌ جیهان ده‌دات، ئه‌ویش له‌ پـێناو ئه‌مه‌ریکا یان له‌ پاڵ ئه‌مه‌ریکا شه‌ێ‌ مه‌که‌، چونکه‌ کاتێک ئیشى پێت نامێنێت جێت ده‌هێڵت له‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕدا بۆخۆت بمریت.

دواتر باسى له‌وه‌ش کرد به‌ کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا ڕێگه‌ بۆ ئێران و ڕووسیا له‌ سوریا خۆشده‌بێت وه‌ ئێران زیاتر ده‌بێته‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئیسرائیل.

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا