ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌پرسى ڤێنیزوێلا داواى کۆبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش ده‌کات

کانونی دووەم 24, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مریکا داوا ده‌کات له‌سه‌ر قه‌یرانى ڤێنیزوێلا، ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌په‌له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بدات.

نوێنه‌رایه‌تى هه‌میشه‌یى ئه‌مریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ هه‌ژمارى تویته‌ریان راگه‌یه‌ندراوێکیان بڵاو کردۆته‌وه‌ و تێیدا بانگه‌واز کراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ رۆژى شه‌ممه‌ سه‌عات 9 به‌پێى کاتى ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌.

چاوه‌ڕێ ده‌کرێت که‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا مایک پۆمپیۆ به‌شدارى بکات له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا.

سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانى ڤێنیزوێلا و سه‌رۆکى پارتى ئۆپۆزسیۆنى ئه‌و وڵاته‌، خوان گوایدۆ رایگه‌یاندبوو که‌ حکوومه‌ته‌که‌ى مادورۆ ناناسێت و خۆى به‌ سه‌رۆکى کاتى راگه‌یاندبوو.

چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر گرووپێکى سه‌ربازى سه‌ر به‌ یه‌کێتى پارێزگاریى نیشتمانى له‌ کاراکاس، له‌رێگه‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ى په‌یامێکى ڤیدیۆییه‌وه‌ داوایان له‌خه‌ڵک کرد که‌ راپه‌ڕن".

دواى رووداوه‌که‌ى ناوچه‌ى کۆتیزاى شاره‌که‌ش ئۆپه‌راسیۆنێک ئه‌نجام درا و، 27 سه‌ربازى یاخى خۆیان راده‌ست کردبوو.

هه‌ریه‌ک له‌ وڵاته‌کانى ئه‌مریکا، که‌نه‌دا، کۆڵۆمبیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، پاراگوای، به‌رازیل، شیلی، په‌ناما، ئه‌رجه‌نتین، کۆستاریکا و گواتیمالا دانیان ناوه‌ به‌ خوان گوادیۆدا وه‌ک سه‌رۆکى کاتیى ڤێنیزوێلا، دواى ئه‌وه‌ى له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى جه‌ماوه‌ریى ئۆپۆزسیۆندا خۆى وه‌ک سه‌رۆکى کاتیى ڤێنیزوێلا ناساندبوو.

 

 

ئانادۆڵ