ڕاوێژکارێکى پـێشووى دۆناڵد ترامپ ده‌ستگیرده‌کرێت

کانونی دووەم 25, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ده‌زگاى لێکۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى ئه‌مه‌ریکا FBI ڕاوێژکارێکى پـێشووى دۆناڵد ترامپى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکاى ده‌ستگیرکرد به‌ تۆمه‌تى گه‌واهیدانى درۆ و کارکردنه‌ سه‌ر گه‌واهیده‌ران و دروستکردنى کۆسپ له‌ به‌رده‌م لێکۆڵینه‌وه‌ى ده‌زگاکانى حکومه‌ت.

ئه‌ندامانى ده‌زگاى FBIئه‌مڕۆ هه‌ینى له‌ کاژمێر 6 ى به‌یانی، ڕۆجه‌ر ستۆن، ڕاوێژکارى پـێشوو و دۆستى سه‌رۆک ترامپیان له‌ ماڵه‌که‌ى ده‌ستگیرکرد له‌ شارى فۆرت لاده‌ردێلى ویلایه‌تى فلۆریدا.

ئۆفیسى ڕۆبه‌رت مۆله‌ر لێکۆڵه‌رى تایبه‌ت له‌ که‌یسى ده‌ستێوه‌ردانى ڕووسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ساڵى 2016 ى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌مه‌ریکا، ڕایگه‌یاند ڕۆجه‌ر ستۆنى ته‌مه‌ن 66 ساڵ که‌ ڕاوێژکارى سه‌رۆک ترامپ بوو له‌ میانه‌ى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا 7 تۆمه‌تى ئاڕاسته‌کراوه‌.

به‌پـێى یه‌ک له‌ تۆمه‌ته‌کان، ڕۆجه‌ر تاوانبارکراوه‌ به‌ په‌یوه‌ندیکردن له‌گه‌ڵ جولیان ئاسانگ دامه‌زرێنه‌رى ماڵپه‌ڕى ویکیلیس، ئه‌وه‌ى ده‌یان هه‌زار ئیمه‌یڵى دزراوى دیموکراته‌کانى بڵاوکرده‌وه‌ و ئاکامى خراپى هه‌بوو به‌سه‌ر هێله‌رى کلنتن ڕکابه‌رى دانۆڵد ترامپ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌ کاژمێر 11 ى به‌یانى به‌ کاتى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌مه‌ریکا ببرێته‌ به‌رده‌م دادوه‌رى دادگاى فیدراڵى له‌ شارى فۆرت لاده‌ردێل.