دیپلۆماتکارانى ئه‌مریکا ڤێنیزوێلا جێده‌هێڵن

کانونی دووەم 25, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


دیپلۆماتکارانى ئه‌مریکى به‌مه‌به‌ستى جێهێشتنى ڤێنیزوێلا به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ى کاراکاس به‌ڕێکه‌وتن.

به‌رپرسێکى ئه‌مریکى که‌ نه‌یویست ناوى خۆى ئاشکرا بکرێ، له‌ لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى Associated Press، رایگه‌یاند که‌ ژماره‌یه‌ک دیپلۆماتکارى ئه‌مریکى و خانه‌واده‌کانیان به‌مه‌به‌ستى جێهێشتنى ڤێنیزوێلا به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ى کاراکاس به‌ڕێکه‌وتوون.

کارمه‌ندێکى ئه‌منى له‌ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌ شارى کاراکاس نامه‌یه‌کى له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاوکرده‌وه‌ که‌ تێدا داوا ده‌کرێ پۆلیسى ڤێنیزوێلا کاروانى ئۆتۆمبێله‌کانیان بپارێزێت که‌ به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ به‌ڕێکه‌وتوون.

سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانى ڤێنیزوێلا و سه‌رۆکى پارتى ئۆپۆزسیۆنى ئه‌و وڵاته‌، خوان گوایدۆ رایگه‌یاندبوو که‌ حکوومه‌ته‌که‌ى مادورۆ ناناسێت و خۆى به‌ سه‌رۆکى کاتى راگه‌یاندبوو.

چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر گرووپێکى سه‌ربازى سه‌ر به‌ یه‌کێتى پارێزگاریى نیشتمانى له‌ کاراکاس، له‌رێگه‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ى په‌یامێکى ڤیدیۆییه‌وه‌ داوایان له‌خه‌ڵک کرد که‌ راپه‌ڕن.

دواى رووداوه‌که‌ى ناوچه‌ى کۆتیزاى شاره‌که‌ش ئۆپه‌راسیۆنێک ئه‌نجام درا و، 27 سه‌ربازى یاخیبوو خۆیان راده‌ست کردبوو.

هه‌ریه‌ک له‌ وڵاتانى ئه‌مریکا، که‌نه‌دا، کۆڵۆمبیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، پاراگوای، به‌رازیل، شیلی، په‌ناما، ئه‌رجه‌نتین، کۆستاریکا و گواتیمالا دانیان ناوه‌ به‌ خوان گوادیۆدا وه‌ک سه‌رۆکى کاتیى ڤێنیزوێلا، دواى ئه‌وه‌ى له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى جه‌ماوه‌ریى ئۆپۆزسیۆندا خۆى وه‌ک سه‌رۆکى کاتیى ڤێنیزوێلا ناساندبوو.

 


ئانادۆڵ