ڤێنیزوێلا جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌رده‌وام ده‌بوونى له‌پاراستنى سه‌روه‌رى و سه‌ربه‌خۆیى وڵاته‌که‌ى

کانونی دووەم 27, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڤێنیزوێلا جه‌ختى ده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وام ده‌بوونى له‌ پاراستنى سه‌روه‌رى و سه‌ربه‌خۆیى کۆمارى ڤێنیزوێلا بۆلیڤارى .

ژماره‌یه‌ک له‌ دیپلۆماتکارانى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌ کاراکاس گه‌ڕانه‌وه‌ وڵاته‌که‌یان و ئه‌مریکا و ڤێنیزوێلا بۆ ماوه‌ى 30 رۆژ دانوستان ده‌که‌ن به‌ مه‌به‌ستى کردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ له‌باره‌ى راییکردنى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانى نێوانیان و پرسى کۆچبه‌ران.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڤێنیزوێلا رایگه‌یاند، دواى ته‌واوبوونى ماوه‌ى 72 کاتژمێر له‌ 25ى کانوونى دووه‌مى 2019 که‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆکى ڤێنیزوێلا، نیکۆڵاس مادورۆه‌وه‌ دیاریکرابوو ژماره‌یه‌ک له‌ دیپلۆماتکارانى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌ کاراکاس گه‌ڕانه‌وه‌ وڵاته‌که‌یان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا تیشک خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ردوو وڵات ماوه‌ى 30 رۆژیان دیاریکردووه‌ بۆ دانوستان له‌باره‌ى کردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ له‌ کاراکاس و واشنتۆن بۆ راییکردنى کاروبارى بازرگانى و کاره‌کانى کۆنسولخانه‌کان. ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ تا ته‌واوبوونى ئه‌و ماوه‌ دیاریکراوه‌ به‌شێک له‌ کارمه‌ندانى باڵیۆزخانه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ کاره‌کانیان. جه‌ختیش له‌وه‌ کراوه‌ته‌ که‌ هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتنه‌ رێککه‌وتن له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌وا پێویسته‌ له‌ میانى 72 کاتژمێردا ئه‌و کارمه‌ندانه‌ش ڤێنیزوێلا جێ بهێڵن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڤێنیزوێلا جه‌ختى له‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پاراستنى سه‌روه‌رى و سه‌ربه‌خۆیى کۆمارى ڤێنیزوێلا بۆلیڤارى و جگه‌ له‌ ره‌تکردنه‌وه‌ى ده‌ستوه‌ردانه‌کانى ده‌ره‌وه‌ داوایشى کردووه‌ له‌ چوارچێوه‌ى رێز له‌یه‌کترگرتن و یه‌کسانیدا مامه‌ڵه‌ بکرێت.

 

 

ئانادۆڵ