پۆلیسى ئه‌ڵمانیا سێ هاوڵاتى عێراقى ده‌ستگیر ده‌کات

کانونی دووەم 30, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئۆفیسى دادوه‌رى یه‌کێتى ئه‌ڵمانیا وتى پۆلیس سێ هاوڵاتى عێراقى ده‌ستگیرکردووه‌ به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى گومانى ئه‌وه‌یان لێده‌کرێت پلانیان داڕشتبێت بۆ ئه‌نجامدانى کرده‌وه‌یه‌کى تیرۆریستی.

ئۆفیسه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا دووان له‌ گومانلێکراوه‌کان دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ که‌ له‌ کۆتایى ساڵى 2018 دا پلانیان داڕشتووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هێرشێک له‌ ئه‌ڵمانیا.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌ ده‌ڵێت " به‌پێى ئه‌نجامه‌کانى ئێستا، گومانلێکراوه‌کان هێشتا ئامانجێکیان بۆ هێرشه‌که‌یان دانه‌نابوو." هه‌ر سێ که‌سه‌که‌ له‌ ویلایه‌تى شلیسڤیش-هۆڵشتاین له‌ باکوورى وڵاته‌که‌ ده‌ستگیرکران.

ئۆفیسى دادوه‌رى یه‌کێتى ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا یه‌کێک له‌ ده‌ستگیرکراوه‌کان له‌ ئینته‌رنێت هه‌وڵیداوه‌ فێرببێت چۆن بۆمب دروست ده‌کرێت و داواى ئامێرێکى ته‌قینه‌وه‌ى کردووه‌ له‌ یه‌کێک له‌ ناسیاوه‌کانى له‌ به‌ڕیتانیا. به‌رپرسانى به‌ڕیتانیا ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ ئه‌و ئامێره‌ بچێت بۆ ئه‌ڵمانیا.

هه‌روه‌ها وتیشى " له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گومانلێکراوه‌کان بیریان له‌ به‌کارهێنانى ئوتومبێل کردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ‌هێرشه‌که‌یان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌کێکیان له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2019 دا وانه‌ى فێربوونى شۆفێرى وه‌رگرتووه‌."

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا