وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیمارات : ده‌بێت پارێزگارى له‌ کوردانى سوریا بکرێت

کانونی دووەم 31, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


کاربه‌ده‌ستێکى ئیمارات ده‌ڵێت وڵاته‌که‌ى هاوسۆزیـیه‌کى زۆرى له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا هه‌یه‌ که‌ ڕۆڵێکى گرنگیان له‌ شه‌ڕى دژى داعش بینیوه‌ و قوربانیـیه‌کى زۆریان له‌و پـێناوه‌دا داوه‌ چ له‌ عێراق یان له‌ سوریا.

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا بڵاویکرده‌وه‌ که‌ ئه‌نوه‌ر قه‌رقاش وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى ئیمارات بۆ کاروبارى ده‌ره‌وه‌، له‌ چاوپـێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵى ته‌له‌فیزیۆنى ئه‌لحوڕه‌ گوتیشى وڵاته‌که‌ى به‌ ئاشکرایى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ کورده‌کان بپارێزرێن له‌ چوارچێوه‌ى سوریایه‌کى یه‌کگرتوودا.

نیگه‌رانى وڵاته‌که‌شى ده‌ربڕى له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ى کاربه‌ده‌ستانى تورکیا سه‌باره‌ت به‌ کوردانى سوریا ده‌یده‌ن و گوتى ئیمارات و ئه‌مه‌ریکاش ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى تورکیا به‌ مه‌ترسـیه‌کى ڕاسته‌قینه‌ داده‌نێن.

له‌ باره‌ى ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ى تورکیا ده‌خوازێت له‌ باکورى سوریا دایبمه‌زرێنێت، قه‌رقاش گوتى هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانێکى نا عه‌ره‌بى له‌ خاکێکى عه‌ره‌بیدا به‌ نه‌رێنى لێى ده‌ڕوانن. گوتیشى ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستیانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بوونى هێزى تورکى له‌ باکورى عێراق و سوریا و هه‌روه‌ها بوونى هێزى ئێرانیش له‌ عێراق و سوریا.

قه‌رقاش جه‌ختى کرده‌وه‌ که‌ له‌ ئاینده‌دا وڵاته‌که‌ى له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى به‌شدارى ده‌کات له‌ بنیادنانه‌وه‌ى سوریا، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تادا ده‌بێت چاره‌سه‌رى سیاسى له‌و وڵاته‌ بێته‌دی.