جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف هاوڕا نیـه‌ له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى کشانه‌وه‌ له‌ سوریا

شوبات 15, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


فه‌رمانده‌ى فه‌رمانده‌یه‌تى ناوه‌ندى له‌شکرى ئه‌مه‌ریکا ئاگاهى ده‌دات که‌ داعش هێشتا جێى مه‌ترسیـیه‌ و ده‌ڵێت ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ترامپ هاوڕا نیـیه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى بڕیارى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا.

جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل ئه‌مڕۆ هه‌ینى له‌ لێدوانێکیدا بۆ که‌ناڵى CNN وتى له‌ ئێستادا پـێشنیار ناکات هێزه‌کانى وڵاته‌که‌ى له‌ سوریا بکشێنه‌وه‌، چونکه‌ هێشتا داعش ڕێبه‌ر و چه‌کدار و لایه‌نگر و یارمه‌تیده‌ر و سه‌رچاوه‌ى هه‌یه‌، بۆیه‌ فشارى له‌شکرى به‌رده‌وام پـێویسته‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م گروپه‌ تێرۆرسته‌.

وتیشى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) به‌بێ یارمه‌تى به‌رده‌وامى ئه‌مه‌ریکا له‌ توانیاندا نه‌ده‌بوو ڕووبه‌ڕووى داعش ببنه‌وه‌. جه‌ختى کرده‌وه‌ که‌ هێشتا هه‌سه‌ده‌ پـێویستى به‌ توانا و یارمه‌تیـیه‌کانى له‌شکرى ئه‌مه‌ریکایـیه‌.

جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل که‌ له‌ وڵاتى عومانه‌وه‌ لێدوانى بۆ CNN ده‌دا، وتیشى ئه‌و کاتێک وه‌ک سه‌رۆک ترامپ ده‌ڵێت داعش شکستى هێناوه‌ که‌ دڵنیابوو چیتر ئه‌و گروپه‌ تێرۆرستیـیه‌ جێى هه‌ڕه‌شه‌ نیـیه‌.

باسى له‌وه‌ش کرد هێشتا داعش تواناى هه‌یه‌ پـلان بۆ هێرشى تێرۆرستى له‌ دژى ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانى دابڕێژێت.

جێى ئاماژه‌یه‌ جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل چه‌ند جارێک سه‌ردانى ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات کردووه‌ و له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌کانى ئه‌و هێزانه‌ کۆبووه‌ته‌وه‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ بارودۆخه‌که‌ى هه‌ڵسه‌نگاندووه‌.

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا