له‌فه‌ره‌نسا بۆ ئازادکردنى ئۆجه‌لان و له‌یلا گوڤه‌ن خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا

شوبات 17, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ هه‌زاران کوردى نیشته‌جێى فه‌ڕه‌نسا له‌ شه‌قامه‌کانى ستراسبۆرگ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى فه‌ڕه‌نسا خۆپیشاندانیان سازکرد و داواى ئازادکردنى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیان ده‌کرد که‌ ماوه‌ى 20 ساڵه‌ له‌ تورکیا له‌زینداندایه‌ هاوکات پشتیوانیان ده‌ربڕى بۆ په‌رله‌مانتارى کورد له‌یلا گوڤه‌ن که‌ مانى له‌خواردن گرتووه‌ له‌ زینداندا.

له‌و کاته‌وه‌ى که‌ له‌ 15 ى مانگى 2ى ساڵى 1999 عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌ستگیر کراوه‌ ئه‌م گردبوونه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ستراسبۆرگ که‌ دامه‌زراوه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئه‌وروپا و دادگاى ئه‌وروپا بۆ مافه‌کانى مرۆڤى لێیه‌ ساڵانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

ڕێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان له‌ دورگه‌ى ئیمڕاڵى که‌ نزیکه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵه‌وه‌ زیندانى کراوه‌و تاراده‌یه‌ک گۆشه‌گیرکراوه‌.

له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا به‌ بێده‌نگى ئاڵاى کوردستان له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌رز کرابۆوه‌. پۆلیسى ستاسبۆرگ ده‌ڵێت خۆپیشانده‌ران نزیکه‌ى حه‌وت هه‌زار که‌س ده‌بوون به‌ڵام ڕێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که‌ ده‌ڵێن زیاتر له‌ 17 هه‌زار خۆپیشانده‌ر کۆبونه‌ته‌وه‌.