یۆنکه‌ر: ئه‌وروپا دژایه‌تى درێژکردنه‌وه‌ى دانوستانه‌کانى جیابوونه‌وه‌ى به‌ڕیتانیا له‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا ناکات

شوبات 19, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ى شتوتگارته‌ر چایتونگدا سه‌رۆکى کۆمسیۆنى ئه‌وروپا ژان کلود یۆنکه‌ر وتى هه‌ر داوایه‌ک له‌لایه‌ن به‌ڕیتانیاوه‌ بۆ درێژکردنه‌وه‌ى دانوستانه‌کانى جیابوونه‌وه‌ى به‌ڕیتانیا له‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا بکرێت، هیچ که‌سێک له‌ ئه‌وروپا دژایه‌تى ئه‌وه‌ ناکات.

له‌کاتێکدا که‌ ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌کى که‌مى ماوه‌ بۆ کاتى جیابوونه‌وه‌که‌، په‌رله‌مانى به‌ڕیتانیا نایه‌وێت ڕێکه‌وتنه‌که‌ى سه‌رۆک وه‌زیرى به‌ڕیتانیا تێریزا مه‌ى و یه‌کێتى ئه‌وروپا بۆ جیابوونه‌وه‌که‌ په‌سه‌ند بکات، زۆرێک له‌ به‌رپرسانى یه‌کێتى ئه‌وروپا پێیان وایه‌ دواخستنى کاتى جیابوونه‌وه‌که‌ تاکه‌ ڕێگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ڕیتانیا خۆى به‌دووربگرێت له‌ جیابوونه‌وه‌ به‌بێ هیچ ڕێکه‌وتنێک.

یۆنکه‌ر به‌ ڕۆژنامه‌ ئه‌ڵمانییه‌که‌ى وت " هه‌ر بڕیارێک بۆ کاتى زیاتر ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانى به‌ڕیتانیا. ئه‌گه‌ر له‌م جۆره‌ داوایه‌ بکرێت ئه‌وا هیچ که‌سێک له‌ ئه‌وروپا دژایه‌تى ناکات."

یۆنکه‌ر ئاماژه‌شى به‌وه‌دا درێژکردنه‌وه‌ى کاته‌که‌ بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر له‌وانه‌یه‌ کێشه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌دوورنه‌زانی.

یۆنکه‌ر وتى " له‌ پڕۆسه‌ى جیابونه‌وه‌ى به‌ڕیتانیادا له‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا زۆرێک له‌ خشته‌ى کاته‌کان پشتگوێ خراون. به‌ڵام پێم وایه‌ قورسه‌ بیهێنیته‌ پێش چاوت ده‌نگده‌رانى به‌ڕیتانیا دووباره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌وروپادا ده‌نگ بده‌نه‌وه‌. پێم وایه‌ ئه‌وه‌ ناکۆکێکى مێژوویى ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانم ئه‌وه‌ به‌دووربزانم.."

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا