میسر ... به‌تاوانى کوشتنى داواکارى گشتى 9 که‌س له‌سێداره‌ ده‌درێن

شوبات 20, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


دادوه‌رى میسر سزاى مه‌رگى جێبه‌جێکرد به‌سه‌ر 9 که‌س که‌ تاوانبارکرابوون به‌ کوشتنى هیشام به‌ره‌کات داواکارى گشتى وڵاته‌که‌ له‌ ساڵى 2015.

ته‌له‌فیزیۆنى فه‌رمى میسر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هه‌واڵه‌که‌ى ڕاگه‌یاند و گوتى ئه‌و 9 که‌سه‌ى له‌ 25 ى مانگى یازده‌ى ساڵى 2018 له‌ لایه‌ن دادگاى پـیاداچوونه‌وه‌وه‌ بڕیارى سزاکه‌یان په‌سه‌ندکرا، به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌سێداره‌دران.

هیشام به‌ره‌کات که‌ ناسرابوو به‌وه‌ى به‌ هه‌زاران لایه‌نگرى ئیخوان ئه‌لموسلیمینى ڕه‌وانه‌ى به‌رده‌م دادگاکردبوو، له‌ 29 ى مانگى شه‌شى ساڵى 2015 به‌ بۆمبێکى چێنراو له‌ نزیک ماڵه‌که‌ى له‌ قاهیره‌ى پایته‌خت کوژرا.

کۆمه‌ڵێـک به‌ ناوى به‌رگرى میلـلى له‌ جیزه‌ "المقاومه‌ الشعبیه‌ فی الجیزه‌" که‌ زۆر ناسراو نیـیه‌، له‌ ڕێگه‌ى فه‌یسبوکه‌وه‌ به‌رپـرسیارێتى خۆى له‌ هێرشه‌که‌ ڕاگه‌یاندبوو.

به‌ڵام حکومه‌ت لاى خۆیه‌وه‌ گروپى ئیخوان ئه‌لموسلیمینى له‌ ته‌قینه‌وه‌که‌ به‌رپـرسیارکرد و گوتى به‌ یارمه‌تى که‌سانى سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماسى فه‌له‌ستیـنیـیه‌کان ئه‌نجامى دابوو. به‌ڵام ئیخوان و حه‌ماس ڕه‌تیانکرده‌وه‌ و گوتیان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ستیان له‌ کوشتنه‌که‌دا نه‌بووه‌.