کۆشکى سپى : ئه‌مه‌ریکا 200 سه‌رباز له‌سوریا ده‌هێڵێته‌وه‌

شوبات 22, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


کۆشکى سپى ڕایگه‌یاند ئه‌مه‌ریکا دواى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى له‌ سوریا ژماره‌یه‌کى بچووک له‌ سه‌ربازه‌کانى وه‌ک ئاشتى پارێز بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ وڵاته‌ ده‌هێڵێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دواى پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کشاندنه‌وه‌ى ته‌واوى هێزه‌کان له‌ سوریادا.

له‌ مانگى دوانزه‌دا سه‌رۆک ترامپ فه‌رمانى ده‌رکرد به‌ کشاندنه‌وه‌ى هه‌موو هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا که‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 2000 سه‌رباز و وتى شکستیان به‌ ڕێکخراوى داعش هێناوه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هاوبه‌شه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا هێشتا له‌ دوایین شوێنه‌کانى داعشدا ده‌جه‌نگن.

به‌ڵام ڕاوێژکاره‌کانى سه‌رۆک ترامپ فشاریان خسته‌ سه‌ر تاوه‌کو سیاسه‌ته‌که‌ى بگۆڕێت که‌ تیایدا بتوانرێت پارێزگارى له‌و هێزه‌ کوردییانه‌ بکرێت که‌ به‌باشى دژى ڕێکخراوى داعش جه‌نگاون و ئێستاش له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى تورکیادان، هه‌روه‌ها هۆکارێکى دیکه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆک ترامپ سیاسه‌ته‌که‌ى سه‌باره‌ت به‌ سوریا بگۆڕێت به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئێرانه‌ له‌ سوریادا.

وته‌بێژى کۆشکى سپى ساره‌ سانده‌رز شه‌وى پـێنجشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا وتى " کۆمه‌ڵێکى بچووکى 200 سه‌ربازیى بۆ پاراستنى ئاشتى بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ سوریادا ده‌مێننه‌وه‌."

جێى ئاماژه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆک ترامپ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى تورکیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگاندا له‌ڕێى ته‌له‌فونه‌وه‌ قسه‌یان کرد ئه‌م بڕیاره‌ ڕاگه‌یه‌ندرا. وته‌بێژى کۆشکى سپى وتى سه‌باره‌ت به‌ سوریا هه‌ردوو سه‌رۆکه‌که‌ ڕێکه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامبن له‌ هه‌ماهه‌نگییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنى ناوچه‌ى ئارام له‌ سوریادا.

به‌رپرسێکى باڵاى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ى سه‌رۆک ترامپ وتى ماوه‌یه‌که‌ ئاماده‌کارى بۆ بڕیاره‌که‌ى سه‌رۆک ترامپ ده‌کرێت. به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌وه‌ نه‌دا ئه‌و 200 سه‌ربازه‌ تا که‌ى له‌ سوریادا ده‌مێننه‌وه‌.