نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان: ساڵى 2018 هه‌ره‌ مه‌رگهێنه‌رترین ساڵ بۆ مه‌ده‌نییه‌کانى ئه‌فغانستان بوو

شوبات 24, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌فغانستان بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ تووشى شه‌ڕى ناوخۆ و ناسه‌قامگیرى بووه‌.
به‌ گوێره‌ى ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ئه‌و مه‌ده‌نییانه‌ى که‌ له‌ ساڵى 2018 له‌ ئه‌فغانستاندا کوژراون، له‌ ته‌واوى ٩ ساڵى ڕابردوو له‌ ئه‌و وڵاته‌ دا زیاتر بووه‌.

به‌ پێى ئاژانسى ئاسۆشێتدپرێس، له‌ ڕاپۆرتى ساڵانه‌دا "کردارى یارمه‌تى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ ئه‌فغانستان" که‌ ڕۆژى یه‌کشه‌مه‌ 5ى ڕه‌شه‌مه‌ (24ى مانگى 2) بڵاوبۆته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌ که‌ ژماره‌ى مه‌ده‌نییه‌کانى کوژراو له‌ ساڵى 2018به‌ به‌راوردى 2017ى زاینی، 11 له‌سه‌د زیاتر بووه‌ و به‌ 3804 که‌س گه‌یشتووه‌.

هه‌روه‌ها 7189 که‌سیش له‌ ماوه‌ى ئه‌و ساڵه‌ دا برینداربوونه‌. ئه‌و ڕێکخراوه‌ له‌ ساڵى 2009وه‌ ده‌ستى به‌ ئه‌ژماردنى مه‌ده‌نییه‌کانى کوژراو له‌ شه‌ڕدا کردووه‌.

ئه‌مه‌ریکا بۆ گه‌یشتن به‌ ئاشتى له‌ ئه‌فغانستان، وتووێژى له‌ گه‌ڵ تالیبان ده‌ستپێکردووه‌.

ڕاپۆرتى ئاسۆشێتدپرێس ده‌ڵێت که‌ زاڵماى خه‌لیلزاد، نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌مه‌ریکا له‌ کاره‌کانى ئه‌فغانستان له‌ رۆژى دووشه‌مه‌ له‌ قه‌ته‌ر دووهه‌مین خۆلى وتووێژ له‌ گه‌ڵ تالیبان ده‌ستپێده‌کات.