مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مه‌ریکا هه‌وڵده‌دات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارێکى ترامپ

شوبات 26, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ واچاوه‌ڕوان ده‌کرێت یاسادانه‌رانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، پرۆژه‌ بڕیارێک تێپه‌ڕێنن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندنه‌که‌ى دۆناڵد ترامپى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا بۆ بارى نائاسایى بۆ سنوورى باشورى وڵات.

ئه‌م هه‌وڵه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران که‌ دیموکراته‌کان تیایدا زۆرینه‌ن، واپێده‌چیت پشتیوانى ڕوو له‌ زیادبووى له‌ نێوان کۆماریـیه‌کانى ئه‌نجومه‌نى سینات به‌ده‌ستهێنابێت.

راگه‌یاندنى بارى نائاسایى له‌ 15 ى ئه‌م مانگه‌ له‌ لایه‌ن ترامپ، تواناى راده‌ستگه‌یشتنى سه‌رۆک به‌ ملیاران دۆلار ده‌دات ، بۆ بنیاتنانى دیوارێکى سنوورى له‌ نێوان ئه‌مه‌ریکا و وڵاتى مه‌کسیک. ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ى سه‌رۆک داوایکردبوو بۆ دروستکردنى ئه‌و دیواره‌ زۆر زیاتره‌ له‌و 1.4 ملیار دۆلاره‌ى کۆنگرێس بۆ بنیاتنانى به‌ربه‌ستێکى سنوورى ته‌رخانى کردبوو.

به‌ڵام ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌وه‌ى له‌ مانگى یه‌کى ئه‌م ساڵه‌وه‌ دیموکراته‌کان تێدا زۆرینه‌ن به‌ هێندى پێویست پشتیوانیان هه‌یه‌ که‌ بتوانن ئه‌و بارى نائاسایـیه‌ى سه‌رۆکى ئه‌مریکا رایگه‌یاندووه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ توندنى سه‌رزه‌نشتى هه‌وڵى سه‌رۆک ترامپ ده‌کات بۆ فراوانکردنى ئاستى ده‌سه‌ڵاته‌کانی.

ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ بڕیاره‌که‌ له‌ کۆنگرێس تێپه‌ڕێت و بگاته‌ لاى ترامپ ، ئه‌وا سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا ناچار ده‌بێت په‌نا بۆ یه‌که‌م ڤیتۆ له‌ ماوه‌ى سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌یدا به‌رێت.

خاتو نانسى پیلۆسى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ پارتى دیموکرات، ڕۆژى دووشه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانى گوت پێشبینى ده‌کرێت ده‌نگدانه‌که‌ له‌ خانه‌ى نوێنه‌ران پاشنیوه‌ڕۆى سێشه‌ممه‌ ئه‌نجامبدرێت و گوتیشى ئه‌م ده‌نگدانه‌ له‌ پێناو داکۆکیکردنه‌ له‌ دیموکراسى وڵاته‌که‌.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ دۆناڵد ترامپى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا ڕۆژى دووشه‌ممه‌ هه‌وڵى ڕێگریکردنى له‌و پرۆژه‌یه‌ى دیموکراته‌کان دا و وتى هیوادارم کۆماریه‌کان شوێنى سیاسه‌تێکى ئاسایشى لاواز و ناکاریگه‌ر نه‌که‌وون. ڕووى ده‌میشى کرده‌ کۆماریـیه‌کان و وتی" به‌هێز و ژیر بن و مه‌که‌ونه‌ داوى دیموکراته‌کانه‌وه‌."