ئه‌مریکا ژماره‌یه‌ک په‌نابه‌رى ترى له‌ که‌مپه‌کانى دوورگه‌کانه‌وه‌ وه‌رگرت

ئازار 06, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ماڵپه‌رى هه‌واڵى نیوزلاند ڕادیۆ بڵاویکرده‌وه‌ 22 په‌نابه‌رى تر له‌ که‌مپه‌کانى دوورگه‌ى مانوسى پاپانیوگینیاوه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌مریکا.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌کانى ئه‌و ماڵپه‌ره‌ له‌ زارى داکۆکیکارێکى تایبه‌ت به‌ مافه‌کانى په‌نابه‌رانه‌وه‌، تا ئێستا نزیکه‌ى 500 په‌نابه‌ر له‌ هه‌ردوو دوورگه‌ى ناورۆ و پاپانیوگینیاوه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌مریکا له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ى که‌ پێشتر له‌ سه‌رده‌مى باراک ئۆبامادا له‌ نێوان ئه‌مریکا و ئوسترالیادا ئیمزا کراوه‌.

ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ بۆ یه‌ک جاره‌ و ته‌نها ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ ئێستادا له‌و دوو دوورگه‌یه‌ن.

جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ ، په‌نابه‌رانى دوورگه‌ى ناورۆ و پاپانیوگینیا ، که‌ به‌شێکیان کوردن، ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ پێشتر ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بکه‌ن به‌ڵام ده‌ستگیر کراون و ڕه‌وانه‌ى ئه‌و که‌مپانه‌ کراون و هه‌رگیز له‌ ئوسترالیا نیشته‌جێ ناکرێن.