مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌ئه‌ڵمانیا دادگایـی کردنى کوردێک به‌ڕێوه‌چوو

ئازار 12, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


دادگاییکردنى کوردێک له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ستیپـێکرد که‌ تاوانباره‌ به‌ لاقه‌کردن و کوشتنى کچێکى نه‌وجه‌وانى ئه‌ڵمانى له‌ مانگى پـێنجى ساڵى 2018 له‌ شارى ڤیسبادنى ئه‌ڵمانیا.

عه‌لى به‌شار، ته‌مه‌ن 22 ساڵ، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ ژێر چاودێریـیه‌کى توندى هێزه‌کانى ئاسایشى ئه‌ڵمانیا له‌ دادگایه‌کى شارى ڤیسبادن دادگایى کرا. ناوبراو له‌ میانه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌کاندا دانیناوه‌ به‌ کوشتنى کچه‌که‌، به‌ڵام ڕه‌تیکرده‌وه‌ لاقه‌ى کردبێت.

ژماره‌یه‌کى زۆرى میدیاکان له‌وێ ئاماده‌بوون و هه‌روه‌ها خه‌ڵکێکى زۆریش هاتبوون.

پـۆلیسى ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت عه‌لى به‌شار له‌ دارستانێکى نزیک ئه‌و که‌مپه‌ى لێى ده‌ژیا له‌ شارى ڤیسبادن، سوزانا فێلدمانى ته‌مه‌ن 14 ساڵى خنکاندبوو پاش ئه‌وه‌ى لێى دابوو و لاقه‌ى کردبوو.

ئه‌ڵمانیـیه‌ ڕاستڕه‌وه‌کان ده‌ڵێن عه‌لى به‌شار که‌ تاوانباریشه‌ به‌ لاقه‌کردنى کچێکى دیکه‌ى 11 ساڵ، نمونه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌و مه‌ترسیـیانه‌ى وڵاته‌که‌یان دووچارى بووه‌ته‌ له‌ ئاکامى هاتنى ئه‌و هه‌موو په‌نابه‌ر و کۆچبه‌ره‌.

عه‌لى به‌شار له‌ ساڵى 2015 له‌گه‌ڵ باوک و دایکى و پـێنج خوشک و براى گه‌یشتبوونه‌ ئه‌ڵمانیا به‌ ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى مافى په‌نابه‌رى له‌و وڵاته‌دا، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌کى کورت له‌ کوشتنى کچه‌که‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان. دواتر پـۆلیسى دهۆک ناوبراوى ده‌ستگیرکرد و له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ڕاده‌ستى ئه‌ڵمانیا کرا.

مه‌سه‌له‌ى ده‌ستگیرکردنى عه‌لى به‌شار بۆ ئه‌ڵمانیا زۆر گرنگ بوو، بۆیه‌ سه‌رۆکى پـۆلیسى فیدراڵى ئه‌ڵمانیا ڕاسته‌وخۆ به‌شدارى له‌ ده‌ستگیرکردنه‌که‌ى کردبوو.

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا