وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا ڕاپـۆرتى ساڵانه‌ى خۆى سه‌باره‌ت به‌ مافه‌کانى مرۆڤ له‌ جیهان بڵاوده‌کاته‌وه‌

ئازار 13, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا ڕاپـۆرتى ساڵانه‌ى خۆى سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ وڵاتانى جیهاندا بڵاوکرده‌وه‌ که‌ تیایدا باس له‌و پـێشێلکاریـیانه‌ ده‌کرێت له‌ ماوه‌ى ساڵى 2018 ڕوویانداوه‌.

مایک په‌مپـێیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا وتارێکى به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پـێشکه‌شکرد و گوتى دامه‌زرێنه‌رانى ئه‌مه‌ریکا و نوێنه‌رانى له‌ کۆمیته‌ى مافه‌کانى مرۆڤى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دانیانناوه‌ به‌وه‌ى مافه‌ بنه‌ڕه‌تیـیه‌کانى وه‌کو ئازادى ئاینى و بیروباوه‌ێ‌ و ئازادى ڕاده‌ربڕین و گردبوونه‌وه‌ى ئاشتیانه‌ مافى هه‌موو تاکێکه‌.

جه‌ختى کرده‌وه‌ ئازادى شتێک نیـیه‌ حکومه‌ته‌کان به‌ میلله‌ته‌کانى خۆیانى ببه‌خشن، به‌ڵکو شتێکه‌ له‌ شکۆمه‌ندى مرۆڤه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌.

له‌ ڕاپـۆرته‌که‌ باس له‌ ڕه‌وشى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ نزیکه‌ 200 وڵات و ناوچه‌ کراوه‌، له‌وانه‌ عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا.

ڕاپـۆرته‌که‌ له‌ باره‌ى عێراق ده‌ڵێت حکومه‌ت هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ کۆنترۆڵى هه‌ندێک له‌ هێزه‌ ئاسایشیـیه‌کان بکات و به‌ تایبه‌تى له‌ نێو یه‌که‌کانى حه‌شدى شه‌عبى سه‌ر به‌ ئێراندا.

له‌ به‌شێکى ڕاپـۆرته‌که‌ باس له‌وه‌ش کراوه‌ کاتێک حکومه‌تى عێراق سه‌رله‌نوێ ده‌سه‌ڵاتى خۆى سه‌پانده‌وه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ ناکۆکى له‌سه‌ره‌کان له‌ پاش ڕیفراندۆمه‌که‌ى مانگى نۆى ساڵی2017 ڕاپـۆرت به‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ گه‌یشتوون که‌ تیایدا باس له‌و پـێشێلکاریـیانه‌ ده‌کرێت که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئاسایشیـیه‌کانى عێراقه‌وه‌ ئه‌نجامدراون، له‌وانه‌ حه‌شدى شه‌عبی.

ڕاپـۆرته‌که‌ باس له‌وه‌ش ده‌کات حه‌شدى شه‌عبى له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسا و دادگا خه‌ڵکیان کوشتووه‌. هه‌روه‌ها یه‌که‌کانى حه‌شدى شه‌عبى سه‌ر به‌ ئێران منداڵ و نه‌وجه‌وانیان کردووه‌ به‌ چه‌کدارى خۆیان و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌ت کاریان پـێکردوون.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمى کوردستانیش، ده‌ڵێت له‌ نێو هێزه‌کانى پـێشمه‌رگه‌ که‌سان هه‌ن پـێشێلکاریـیان کردووه‌ و زۆربه‌ى پـێشێلکاریـیه‌کان به‌رامبه‌ر ئاواره‌کان کراون. ده‌شڵێت ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا کردوون، به‌ڵام له‌ کۆتاییدا به‌بێ تاوان دایانناون که‌ هه‌رچه‌نده‌ ڕێکخراوه‌کانى مافى مرۆڤ گومانیان له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ هه‌یه‌.

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا