پۆلیسى نیوزله‌ندا: ته‌نها یه‌ک چه‌کدار هێرشه‌که‌ى سه‌ر دوو مزگه‌وته‌که‌ى ئه‌نجامداوه‌

ئازار 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

سه‌رۆکى پۆلیسى نیوزله‌ندا وتى کاربه‌ده‌ستان دڵنیان له‌وه‌ى ته‌نها یه‌ک که‌س هێرشه‌که‌ى بۆ سه‌ر دوو مزگه‌وته‌که‌ى شارى کراسیتچێرچى نیوزله‌ندا ئه‌نجامداوه‌ که‌ تیایدا 50 که‌س کوژران.

سه‌رۆکى پۆلیس مایک بوش له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا وتى " ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌وه‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ته‌نها یه‌ک که‌س به‌رپرس بووه‌ له‌م ڕووداوه‌ خراپه‌."

وتیشى " ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌گه‌رى هه‌بوونى که‌سى دیکه‌ له‌گه‌ڵیدا پشتگوێ بخرێت، هێشتا ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ به‌شێکى زۆر گرنگه‌ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانماندا."

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرى نیوزله‌ندا جاسیندا ئاردێرن وتى حکومه‌ته‌که‌ى سه‌ر زاره‌که‌ى ڕازى بووه‌ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بڕیار بۆ ئه‌نجامدانى چاکسازى له‌ یاساکانى کڕینى چه‌کدا.

له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا وتى " به‌نیازم پێش کۆبوونه‌وه‌ى دووه‌مى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو، زانیارى زیاتر بده‌م به‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و خه‌ڵک سه‌باره‌ت به‌و بڕیارانه‌."

وتیشى " ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ دواى 10 ڕۆژ له‌م کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ ئێمه‌ چاکسازى ڕاده‌گه‌یه‌نین و پێم وایه‌ ئه‌و چاکسازییانه‌ کۆمه‌ڵگاکه‌مان زیاتر پارێزراو ده‌کات."

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا