نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: په‌نابه‌ران له‌سوریا پێویستیان به‌هاوکارى ده‌ستبه‌جێ هه‌یه‌

ئازار 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ڕاده‌گه‌یه‌نێت هه‌زاران که‌س زۆربه‌یان ژن و منداڵن به‌به‌رده‌وامى له‌ باغۆزه‌وه‌ هه‌ڵدێن بۆ که‌مپى هۆل ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات ڕایانگه‌یاند به‌ته‌واوه‌تى ئه‌و دووامۆڵگه‌یه‌ى داعشیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا کۆنترۆڵ کردووه‌.

به‌ پێى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان زیاتر له‌ 74 هه‌زار که‌س که‌%90 یان ژن و منداڵن ئێستا له‌ که‌مپى هۆلن. زۆربه‌ى ئه‌مانه‌ى خێزانه‌کانى شه‌ڕکه‌رانى داعشن. گوته‌بێژى ئۆفیسى ڕێکخستنى کاروباره‌ مرۆییه‌کان جێنس لێرک ده‌ڵێت زۆربه‌ى نزیکه‌ى ئه‌و دوو هه‌زار که‌سه‌ى که‌ له‌م ڕۆژانه‌دا گه‌یشتوون بارى ته‌ندروستییان باش نییه‌.

لێرک ده‌ڵێت زۆربه‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ تازه‌ گه‌یشتوون نیشانه‌ى خه‌مۆکى و به‌دخۆراکى و بریندارى به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌یان پێوه‌ دیاره‌.

کارمه‌ندانى هاریکارى ڕاده‌گه‌یه‌نن په‌ناهگا له‌ که‌مپه‌کاندا که‌من بۆ پاراستنى خه‌ڵکه‌که‌ له‌ سه‌رما و باى سارد. گه‌رمه‌که‌ره‌وه‌ که‌من. لێرک ده‌ڵێت ئاژانه‌سه‌کانى کاروبارى مرۆیى له‌ ناوچه‌که‌ چاوه‌ڕوانى 15 هه‌زار که‌سى تر ده‌که‌ن که‌ به‌م زوانه‌ بگه‌نه‌ ئه‌و که‌مپه‌ى که‌ له‌ پێشتره‌وه‌ پڕه‌.

لێرک ده‌ڵێت که‌مپه‌که‌ به‌ ته‌واوه‌تى له‌ ئه‌ندازه‌ى خۆى زیاتر خه‌ڵکى تێدایه‌ و ده‌ستبه‌جێ پێوستى به‌ هاوکارى زیاتر هه‌یه‌ بۆ گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی.

کۆمیته‌ى خاچى سورى نیونه‌ته‌وه‌یى به‌ هاوکارى له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاى مانگى سورى عه‌ره‌بى سوریایى کارده‌که‌ن بۆ هاوکاریکردنى خه‌ڵکه‌که‌.

 

 

 

 

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا