Error: No articles to display

ئه‌مه‌ریکا: داعش ته‌نیا 2% ى ناوچه‌کانى جارانى به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌

ئاب 28, 2018
وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت داعش له‌ ئێستادا ته‌نیا 2% ى ئه‌و ناوچانه‌ى به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ که‌ پـێشتر له‌ ساڵانى 2014 و 2015داگیرکردبوون.
 
ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 28 ى ئابى 2018 ،جێم ماتیس له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سه‌رۆکى ئه‌رکانى له‌شکرى ئه‌مه‌ریکا له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى گوتیشى ده‌بێت به‌ر له‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا سوریا جێبهێڵن داعش له‌ناوببرێت و مه‌شق و ڕاهێنان به‌ هێزه‌ خۆجێـیه‌کان بکرێت و وتووێژه‌کانى جنێڤ، ئه‌وه‌ى له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن چالاکبکرێنه‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى کۆتایى هێنان به‌ شه‌ڕى ناوخۆى سوریا.
 
جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف دانفۆرد لاى خۆیه‌وه‌ گوتى ئه‌مه‌ریکا وه‌ک به‌شێک له‌ هاوپه‌یمانێتى 77 وڵات کارده‌کات بۆ یارمه‌تیدانى 50 هه‌زار جه‌نگاوه‌ر له‌ سوریا تاوه‌کو بتوانن داعش له‌ناوببه‌ن و ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌دیبهێنن. گوتیشى له‌ عێراقیش کارده‌که‌ن بۆ پشتیوانیکردنى هێزه‌ عێراقیـیه‌کان تاوه‌کو دڵنیا ببن له‌وه‌ى شکستهێنانى داعش هه‌میشه‌ییه‌.
 
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد هێشتا داعش له‌ ناوچه‌ى باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا له‌سه‌ر ڕووبارى فورات ماوه‌ته‌وه‌ و ئێستا هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات کارده‌که‌ن بۆ پاککردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌. گوتیشى کارده‌کرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى خزمه‌تگوزاریـیه‌ سه‌ره‌کیـیه‌کان بۆ ناوچه‌ ڕزگارکراوه‌کانى سوریا، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ بنیادنانه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ به‌رنامه‌یه‌کى درێژخایه‌نى ده‌وێت و ئه‌نجام نادرێت هه‌تا چاره‌سه‌رێکى سیاسى نه‌بێت.
 
سه‌باره‌ت به‌ مه‌نبج و نه‌خشه‌ ڕێگاى نێوان واشنتن و ئه‌نکه‌ره‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌، جه‌نه‌ڕاڵ دانفۆرد گوتى ئه‌وان له‌گه‌ڵ تورکه‌کان هێزى گه‌ڕۆکیان به‌ هاوبه‌شى له‌ ناوچه‌که‌ هاتوچۆیان کردووه‌ و ئێستاش کار له‌سه‌ر قۆناغى دووه‌م ده‌که‌ن. گوتیشى ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئاسایش و ئارامى ناوچه‌که‌یه‌.