ئوسترالیا ساڵانه‌ 160 هه‌زار کۆچبه‌ر وه‌رده‌گرێت

نیسان 13, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌سه‌روبه‌ندى دیاریکردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌و ووڵاته‌دا، حکومه‌تى هاوپه‌یمانیى ئوسترالیا پلانى بودجه‌ى (دارایى) ساڵى 2019 ى ڕاگه‌یاند که‌ چه‌ند گۆڕانکارییه‌کى تایبه‌ت به‌ پرسى کۆچبه‌ران و ڤیزاى ئوسترالیاى له‌خۆگرتووه‌.

به‌گوێره‌ى پلانه‌که‌، حکومه‌تى ئوسترالیا به‌ نیازه‌ ساڵانه‌ و بۆ ماوه‌ى چوار ساڵى داهاتوو که‌ له‌ ساڵى 2019-2020 ده‌ستپێده‌کات ، 160 هه‌زار کۆچبه‌ر وه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ پێشتر ژماره‌ى کۆچبه‌رانى وه‌رگیراو ساڵانه‌ 190 هه‌زار کۆچبه‌ر بووه‌.

پشکى شێرى ئه‌و ژماره‌یه‌ بۆ ئه‌و کۆچبه‌رانه‌یه‌ که‌ به‌ کۆچبه‌رى شاره‌زا ناسراون و تواناى پڕکردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌لى کارانه‌یان هه‌یه‌ که‌ ئوسترالیا بۆ کۆچبه‌رانى بیانیى ڕایگه‌یاندووه‌ و به‌شه‌که‌ى تریشى ته‌رخانکراوه‌ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ى خێزان و منداڵان.

هاوکات، حکومه‌تى ئوسترالیا بڕیاریداوه‌ به‌ زیادکردنى تێچووى پێشکه‌شکردن بۆ ڤیزاى ئه‌و ووڵاته‌ به‌ له‌سه‌دا 5.4 له‌ مانگى ته‌مموزى ئه‌مساڵه‌وه‌ ، بۆ هه‌موو ئه‌و ڤیزایانه‌ى که‌ به‌ ڤیزاى (ٍsub-class) ناسراون و خاڵبه‌ندیش بۆ تاقیکردنه‌وه‌ى زمانى ئینگلیزیش به‌جۆرێک ده‌ستکارى ده‌کرێت که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى کۆچبه‌رانه‌.

شایانى باسه‌ ، پلانى ساڵانه‌ى وه‌رگرتنى کۆچبه‌ران له‌لایه‌ن حکومه‌تى ئوسترالیاوه‌ له‌ڕێگه‌ى پێشکه‌شکردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن کۆچبه‌رانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و کۆچبه‌رانى نایاسایى ناتوانن سودمه‌ندى ئه‌م پڕۆگرامه‌ بن چونکه‌ ئوسترالیا له‌ ئێستادا به‌رده‌وامه‌ له‌ سیاسه‌تى گرتن و دیپۆرتکردنه‌وه‌ى هه‌ر کۆچبه‌رێک یان په‌نابه‌رێک که‌ بیه‌وێت به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بکات.