ژماره‌ى کوژراوانى هێرشه‌کانى سریلانکا گه‌یشته‌ ٢٠٧ که‌س

نیسان 21, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ک ژماره‌یه‌ک کڵێسا و هۆتێل-یان له‌ شارى کۆڵۆمبۆ پایته‌ختى سریلانکا کرده‌ ئامانج و به‌پێى نوێترین ئامار که‌ له‌ لایه‌ن سه‌رچاوه‌ پزیشکییه‌کانه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، له‌ ئاکامى ته‌قینه‌وه‌کاندا، تا ئێستا ٢٠٧ که‌س کوژراون.

ئه‌مڕۆ به‌یانى زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ له‌ سێ کلێسا و ژماره‌یه‌ک هۆتێل له‌ شارى کۆلۆمبۆى پایته‌ختى سریلانکا روویدا.

پۆلیسى سریلانکا رایگه‌یاند که‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ ٢٠٧ که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ٤٥٠ که‌سیش برینداربوون.

وه‌زیرى به‌رگریى سریلانکا، روان ویجیواردێنا له‌ لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند که‌ "هێرشه‌ تیرۆریستییه‌که‌ له‌لایه‌ن توندڕه‌وه‌کا" ئه‌نجامدراوه‌.

له‌لایه‌کى دیکه‌ش، سه‌رۆکوه‌زیرانى سریلانکا، رانیل ویکرێمێسینگ باسى له‌ نیگه‌رانى خۆى له‌ ناسه‌قامگیرى و ئابوورى وڵات به‌هۆى توندوتیژییه‌وه‌ کرد و رایگه‌یاند که‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هێرشبه‌ران رێنمایى پێویست به‌ گشت یه‌که‌کانى به‌رگرى و هێزه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ن.

به‌م هۆیه‌وه‌ حکوومه‌تى سریلانکا، دواى ته‌قینه‌وه‌کانى کۆڵۆمبۆ، قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆى تا ئێواره‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ راگه‌یاند.

هاوکات ژماره‌ى ئه‌و گومانلێکراوانه‌ى په‌یوه‌ندیدار به‌ هێرشه‌ تیرۆریستییه‌کانى سریلانکاوه‌ ده‌ستگیرکراون، گه‌یشته‌ حه‌وت که‌س.

له‌لایه‌کى دیکه‌ش وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو له‌باره‌ى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستیانه‌ گوتی:"ئه‌و په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌ى (سریلانکا) مرۆڤه‌ بێتاوانه‌کانى له‌ کڵێسا و میوانخانه‌کاندا کردووه‌ته‌ ئامانج، به‌نه‌فره‌ت ده‌که‌م".

له‌ چه‌ند هێرشێکى جیاواز بۆ سه‌ر کڵێسا و چه‌ند هۆتێلێکى سریلانگا، ٢٠٧ که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ٤٥٠ که‌سیش برینداربوون.

 


ئانادۆڵ