په‌نابه‌رێکى عێراقى له‌ هه‌وڵێکى خۆکوژى ڕزگارده‌کرێت

ئایار 04, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ماڵپه‌رى هه‌واڵى ئێس بى ئێس له‌زارى داکۆکیکارێکى مافى په‌نابه‌رانه‌وه‌ بڵاویکرده‌وه‌ په‌نابه‌رێکى عێراقى هه‌وڵى خۆکوشتنى داوه‌ له‌ دوورگه‌ى مانوسى پاپانیوگینیا.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌کانى ئه‌و ماڵپه‌ره‌، له‌پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و په‌نابه‌ره‌ هه‌وڵى خۆکوشتنى داوه‌ ، براوه‌ بۆ بنه‌که‌یه‌کى پۆلیس و له‌وێش به‌ندکراوه‌ چونکه‌ هیچ شوێنێکى سه‌لامه‌تى وه‌هاى لێنه‌بووه‌ که‌ بتوانرێت له‌وێ چاودێرى ئه‌و په‌نابه‌ره‌ بکرێت، ئه‌وه‌ش ڕه‌خنه‌ى توندى ئه‌و داکۆکیکاره‌ى لێکه‌وتوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و داکۆکیکاره‌ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ شتێکى باوه‌ڕپێنه‌کراوه‌ که‌ که‌سێک که‌ دۆخى ده‌روونى جێگیر نه‌بێت بخرێته‌ زیندانه‌وه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ڕاپۆرته‌کان ئه‌و په‌نابه‌ره‌ گه‌یشتووه‌ به‌ خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى له‌و دوورگه‌یه‌.

په‌نابه‌رانى دوورگه‌ى مانوسى پاپانیوگینیا و ناورۆ، ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ پێشتر ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بکه‌ن به‌ڵام ده‌ستگیرکراون و به‌بێ هه‌بوونى واده‌یه‌کى دیاریکراو ، له‌و دوو دوورگه‌یه‌ به‌ندکراون و هه‌رگیز له‌ ئوسترالیاش نیشته‌جێ ناکرێن.