زیاتر له‌ سێ مانگه‌، چاره‌نووسى به‌له‌مێکى کۆچبه‌ران نادیاره‌

ئایار 04, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


رۆژنامه‌ى هیندستان تایمز ڕاپۆرتێکى له‌سه‌ر دواهه‌مین زانیارى له‌باره‌ى ئه‌و به‌له‌مه‌ قاچاخه‌ى کۆچبه‌ران بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له‌ به‌روارى 12 کانونى دووه‌مى ئه‌مساڵدا به‌نده‌رى کیرالاى هیندستانى به‌جێ هێشتووه‌ و تا ئێستاش چاره‌نوسى نادیاره‌.

ئه‌و به‌له‌مه‌ که‌ ده‌یان کۆچبه‌رى نایاسایى هه‌ڵگرتبوو، پێده‌چێت به‌ناو سنوره‌ ئاوییه‌کانى نێوان ئیندۆنیسیا و ئوسترالیادا ڕۆیشتبێت که‌ له‌وێش که‌شوهه‌واى ناوچه‌که‌ زۆر دژواره‌ و به‌به‌رده‌وامى زریانه‌ ده‌ریاییه‌ تونده‌کان بوونیان هه‌یه‌، که‌ به‌ گوێره‌ى ڕاپۆرته‌کان ڕه‌نگه‌ نقوم بووبێت.

به‌گوێره‌ى ووته‌ى که‌سوکارى ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ش که‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵکى ناوچه‌ى مادانگیرى هیندستانن، ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ ویستویانه‌ ڕوو له‌ نیوزله‌ندا بکه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ که‌سوکارى ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ ده‌ڵێن که‌ هیچ زانیارییه‌کى نوێیان له‌باره‌ى چاره‌نووسى که‌سوکاریانه‌وه‌ له‌ پۆلیسه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى زانیارییه‌کانى ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ ، له‌سه‌ر داواکارى که‌سوکارى ئه‌و کۆچبه‌رانه‌، به‌دواداچوون بۆ که‌یسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌.