هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر دوو وێستگه‌ى نه‌وتى سعودیه‌

ئایار 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌رپرسانى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ دوو شوێنى نه‌وتى وڵاته‌که‌یان کراونه‌ته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى حوسیـیه‌کانى یه‌مه‌ن ڕایانگه‌یاند به‌ فڕۆکه‌ى بێ فڕۆکه‌وان هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ى گرنگى سعودیه‌.

خالید بن عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لفالح وه‌زیرى وزه‌ و پیشه‌سازى سعودیـیه‌ ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ وتى : له‌ نێوان 6 بۆ 6:30 ى به‌یانى ئه‌مڕۆ 2 وێستگه‌ى ترومپاى کێڵگه‌کانى نه‌وتى ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵات که‌ نه‌وت به‌ لوله‌ نه‌وتیـیه‌کانى ڕۆژهه‌ڵات- ڕۆژئاوا بۆ به‌نده‌رى یه‌نبوع له‌ که‌نارى ڕۆژئاواى وڵاته‌که‌ ده‌نێرن، به‌ فڕۆکه‌ى بێ فڕۆکه‌وانى جۆرى درۆن کراونه‌ته‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ ئاگر له‌ وێستگه‌ى ژماره‌ 8 که‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام توانراوه‌ کۆنترۆڵبکرێت و زیانێکى که‌م به‌ر وێستگه‌که‌ که‌وتووه‌.

وتیشى کۆمپانیاى ئارامکۆ، ئه‌وه‌ى هه‌ردوو وێستگه‌که‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات، ناردنى نه‌وته‌که‌ى ڕاگرتووه‌ تاوه‌کو زیانه‌کان هه‌ڵبسه‌نگێنێت و وێستگه‌که‌ چاک بکرێته‌وه‌.

پاشان ئه‌لفالح هێرشه‌که‌ى به‌ کارێکى تێرۆرستى تێکده‌ر ناودێرکرد و وتى ئه‌مه‌ نه‌ک ته‌نیا سعودیه‌ ده‌کاته‌ ئامانج به‌ڵکو ئاسایشى هێڵه‌کانى گه‌یاندنى وزه‌ بۆ جیهان و ئابور جیهانیش ده‌کاته‌ ئامانج.

وه‌زیرى وزه‌ى سعودیه‌ له‌ دژێژه‌ى لێدوانه‌که‌یدا گوتى ئه‌م هێرشه‌ دووپاتیده‌کاته‌وه‌ که‌ چه‌نده‌ گرنگه‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌موو لایه‌نه‌ تێرۆرستیـیه‌کان ببنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ى کارى تێکده‌رانه‌ى له‌م جۆره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

جێى ئاماژه‌یه‌ هه‌ردوو وێستگه‌که‌ له‌ ڕۆژئاواى ڕیازى پایته‌ختن و ڕۆژانه‌ نزیکه‌ى 5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌ لوله‌ نه‌وتیـیه‌کانى ڕۆژهه‌ڵات- ڕۆژئاوا بۆ به‌نده‌ره‌کانى سه‌ر ده‌ریاى سوور ڕه‌وانه‌ده‌که‌ن.

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا