ترامپ ره‌وانه‌کردنى ١٢٠ هه‌زار سه‌رباز دژى ئێران ره‌تده‌کاته‌وه‌

ئایار 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


دۆناڵد ترامپ هه‌واڵه‌که‌ى رۆژنامه‌ى نیویۆرک تایمز سه‌باره‌ت به‌ ره‌وانه‌کردنى ١٢٠ هه‌زار سه‌ربازى ئه‌مه‌ریکایى بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست ره‌تده‌کاته‌وه‌.

دۆناڵد ترامپ سه‌رۆکى ئه‌مریکا ئاشکرایکرد هه‌واڵه‌که‌ى رۆژنامه‌ى نیویۆرک تایمز که‌ دوێنێ بڵاویکرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو "ئه‌مریکا له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانى ئێراندا خۆى بۆ ره‌وانه‌کردنى ١٢٠ هه‌زار سه‌رباز بۆ ناوچه‌که‌ ئاماده‌ ده‌کات" دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌.

دۆناڵد تره‌مپ له‌ باخچه‌ى کۆشکى سپیدا روونکردنه‌وه‌ى سه‌باره‌ت به‌ مژاره‌کانى رۆژه‌ڤ دایه‌ رۆژنامه‌وانان و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵکشانى گرژییه‌کان له‌نێوان وڵاته‌که‌ى و ئێراندا، قسه‌یکرد.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا، تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵه‌که‌ى رۆژنامه‌ى نیویۆرک تایمز که‌ دوێنێ بڵاویکردبوویه‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو "ئه‌مریکا له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانى ئێراندا خۆى بۆ ره‌وانه‌کردنى ١٢٠ هه‌زار سه‌رباز بۆ ناوچه‌که‌ ئاماده‌ ده‌کات"، رایگه‌یاند:

"هه‌واڵى رۆژنامه‌ى نیویۆرک تایمز بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ درۆیه‌. نیویۆرک تایمز هه‌واڵى درۆ بڵاوده‌کاته‌وه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌م (ره‌وانه‌کردنى سه‌رباز بۆ ناوچه‌که‌) ده‌کرد، به‌ڵام پلانى شتێکى له‌وشێوه‌یه‌مان دانه‌ناوه‌. هیوادارم ناچار نه‌بین به‌وه‌ى که‌ پلانى بۆ دابنێین. ئه‌گه‌ر پلانمان بۆ دابنایه‌، له‌و ژماره‌ سه‌ربازه‌ زیاترمان ره‌وانه‌ ده‌کرد".

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که‌ سه‌رۆکى ئه‌مریکا باسى له‌وه‌کرد پلانى ره‌وانه‌کردنى ١٢٠ هه‌زار سه‌ربازیان بۆ ناوچه‌که‌ دانه‌ناوه‌ و وتنى ئه‌وه‌ى "ئه‌گه‌ر پلانمان بۆ دابنایه‌، له‌و ژماره‌ سه‌ربازه‌ زیاترمان ره‌وانه‌ ده‌کرد" به‌شێوه‌یه‌ک لێکدرایه‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازیى له‌گه‌ڵ ئێراندا، له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌.

دۆناڵد تره‌مپ بانگه‌شه‌که‌ى نیویۆرک تایمزى به‌درۆخسته‌وه‌، به‌ڵام هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌لایه‌ن پێنتاگۆنه‌وه‌ بڵاونه‌کرایه‌وه‌.

له‌ هه‌واڵێکدا که‌ دوێنێ له‌ رۆژنامه‌ى نیویۆرک تایمزدا بڵاوکرابوویه‌وه‌ و تێیدا پشت به‌ زانیارییه‌کانى کاربه‌ده‌ستێکى باڵاى ئه‌مریکا که‌ نه‌یویستبوو ناوى ئاشکرابکرێت، به‌سترابوو،بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌کرابوو که‌ رۆژى پێنج شه‌ممه‌ى رابردوو بریکارى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مریکا، پاتریک شاناهان، زانیاریى پێشکه‌شى راوێژکاره‌ ئه‌منییه‌ باڵاکانى ترامپ کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ پلانى ره‌وانه‌کردنى ١٢٠ هه‌زار سه‌رباز بۆ ناوچه‌که‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانى ئێراندا.

 

 

 

ئانادۆڵ