Error: No articles to display

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: زیاتر له‌ 1600 که‌س له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاست گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ یان بێ سه‌روشوێنن

ئەیلول 03, 2018
نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: "له‌ سه‌ره‌تاى 2018ه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ هه‌زار و 600 که‌س که‌ هه‌وڵیانداوه‌ به‌ ئه‌ورووپا بگه‌ن له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاست گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ یان بێ سه‌روشوێنبوون".
 
نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان رایگه‌یاند که‌ له‌ دواى رووداوى گیان له‌ده‌ستدانى ئالانى کوردى که‌ پێش سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ته‌رمه‌که‌ى له‌ که‌نار ده‌ریا له‌ شارى بۆدرومى تورکیا دۆزورایه‌وه‌ تا ئێستا په‌ڕینه‌وه‌ى کۆچبه‌رانى نایاسایى له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بۆ ئه‌ورووپا "زۆرترین کاره‌ساتى گیانله‌ده‌ستدان"ى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌.
 
له‌ راپۆرتێکدا که‌ کۆمیسیۆنى باڵاى په‌نابه‌رانى سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ناوى "گه‌شته‌ نائومێده‌کان" بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، جارێکى دیکه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاست چه‌نده‌ بۆ کۆچبه‌رانى نایاسایى جێگه‌ى مه‌ترسییه‌.
 
له‌ راپۆرته‌که‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاى 2018ه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ هه‌زار و 600 که‌س که‌ هه‌وڵیانداوه‌ له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ به‌ ئه‌ورووپا بگه‌ن گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ یان بێ سه‌روشوێنبوون.
 
له‌ راپۆرته‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ ژماره‌ى ئه‌و کۆچبه‌ره‌ نایاساییانه‌ى له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ گه‌یشتوون به‌ ئه‌ورووپا به‌ به‌راورد به‌ ساڵانى رابردوو به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو دابه‌زیوه‌، ژماره‌ى ئه‌وانه‌شى له‌و رێگه‌یه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌خێرایى به‌رزبووه‌ته‌وه‌.
 
به‌گوێره‌ى راپۆرته‌که‌ له‌ هه‌ر 18 که‌سێک که‌ له‌ نێوان مانگه‌کانى کانوونى دووه‌م بۆ ئاب هه‌وڵیداوه‌ له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ به‌ ئه‌ورووپا بگه‌ن که‌سێکیان گیانى له‌ده‌ستداوه‌ یان بێ سه‌روشوێن بووه‌. له‌ ساڵى 2017دا له‌ هه‌ر 42 که‌سێک، که‌سێکیان گیانى له‌ده‌ستداوه‌ یان بێ سه‌روشوێن بووه‌.
 
به‌مه‌به‌ستى به‌رگرتن له‌ "گه‌شته‌کانى رێگاى مه‌رگ" کۆمیسیۆنى باڵاى په‌نابه‌رانى سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان داواى له‌ وڵاتانى ئه‌ورووپا کرد رێگاى ئارام و یاسایى به‌ڕووى کۆچبه‌رانى نایاساییدا بکه‌نه‌وه‌، شوێنى نیشته‌جێبوون زیاد بکه‌ن و رێگریه‌کانى به‌رده‌م دیدارى خانه‌واده‌کان هه‌ڵگرن.
 
 
 
 
 
 
 
ئانادۆڵ