Error: No articles to display

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان زیاتر له‌ 50 ملیۆن دۆلار بۆ سۆنامى ئه‌نده‌نوسیا دابین ده‌کات

تشرینی یەکەم 06, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

به‌هۆى سۆنامى و بومه‌له‌رزه‌وه‌ نزیکه‌ى 70.000 هه‌زار که‌س ئاواره‌بوون و نزیکه‌ى 65 هه‌زار خانوو زیانیان به‌رکه‌وتووه‌.

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌کات که‌ له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دان 50.5 ملیۆن دۆلار له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن بۆ یارمه‌تیدان و کۆمه‌ککردنى ئه‌و 191 هه‌زار که‌سه‌ى که‌ به‌هۆى بومه‌له‌رزه‌که‌و سۆنامییه‌که‌ى سۆلاواسییه‌وه‌ له‌ ئه‌ندونزیا زه‌ره‌ر و زیانیان به‌رکه‌وتووه‌.

قوربانیانى بومه‌له‌رزه‌ و سۆنامییه‌ وێرانکه‌ره‌که‌ى دوورگه‌ى سولاوێسى ڕۆژهه‌ڵاتى ئیندۆنزیا تادێت زیاتر ده‌بن، ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و وڵاته‌ش مه‌ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هێشتا ده‌یان که‌س له‌ژێر پاشماوه‌ى باڵه‌خانه‌ى هۆتێلێکى ڕووخاوى شارى گه‌شتیاریى پالو مابنه‌وه‌.

ئاژانسى کاره‌ساته‌ سروشتییه‌کانى ئیندۆنزیا رایگه‌یاند، ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى به‌هۆى سۆنامى و بومه‌له‌رزه‌که‌ى هه‌فته‌ى ڕابردووه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ گیانیان له‌ده‌ستدا بۆ 1.649 که‌س به‌رزبووه‌وه‌. هاوکات هه‌ندێک له‌و 2500 که‌سه‌ى که‌ راپۆرتکراون بریندار بوون زام و برینه‌کانیان سه‌خته‌.

ئاژانسه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، نزیکه‌ى 70.000 هه‌زار که‌س ئاواره‌بوون و نزیکه‌ى 65 هه‌زار خانوو به‌هۆى سۆنامى و بومه‌له‌رزه‌وه‌ زیانیان به‌رکه‌وتووه‌، که‌ شارى پالوى له‌ ناوه‌ڕاستى ئیندۆنزیا گرته‌وه‌.

له‌ئێستاشدا ڕێکخراوه‌ فریاگوزارییه‌کان به‌ ئاسته‌نگ ده‌توانن هاوکارى بۆ ناوچه‌ کاره‌ساتباره‌کان بنێرن، چونکه‌ به‌نده‌رى سه‌ره‌کى شارى پالو پایته‌ختى دوورگه‌ى سولاوێسى داخراوه‌، هاوکات رزگاربووانى ئه‌و ناوچانه‌ ڕوبه‌ڕوى که‌مى ئاو و خۆراک و پێداویستییه‌کانى دیکه‌ى ڕۆژانه‌یان بوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ دێت که‌ هه‌ینى ڕابردوو بومه‌له‌رزه‌یه‌کى به‌هێز به‌ توانایى 7.5 پله‌ به‌پێى پێوه‌رى ڕێخته‌ر شارى پالو و چه‌ند دوورگه‌یه‌کى ئه‌نده‌نوسیاى هه‌ژاند و پاش بومه‌له‌رزه‌که‌ تسونامییه‌کى به‌هێز به‌به‌رزى شه‌ش مه‌تر له‌که‌ناره‌ ئاوییه‌کان دروستبوو.

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا