Error: No articles to display

بولگاریا لێکۆڵنه‌وه‌ له‌سه‌ر کوژرانى ڕۆژنامه‌وان ڤیکتۆریا ده‌کات

تشرینی یەکەم 08, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

 

کاربه‌ده‌ستانى بولگاریا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى گه‌وره‌یان ده‌سـتپـێکردووه‌ له‌ که‌یسى کوژرانى خانمه‌ ڕۆژنامه‌وانێک که‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌کى ته‌له‌فیزیۆنیدا باسى له‌ گه‌نده‌ڵى کردبوو.

جۆرجى جۆرجیێڤ داواکارى گشتى له‌ شارى ڕوسه‌ گوتى له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کاندا هه‌موو شتێک له‌به‌رچاوده‌گرن، له‌وه‌ى ئایا تاوانى کوشتنه‌که‌ په‌یوه‌ندى به‌ ژیانى تایبه‌تى ڕۆژنامه‌وانه‌که‌ هه‌بووه‌ یان به‌ کاره‌که‌یه‌وه‌.

گوتیشى ته‌رمى ڤیکتۆریا مارینۆڤاى ته‌مه‌ن 30 ساڵ له‌ باخێکى گشتى شارى ڕوسه‌ دۆزرایه‌وه‌ و به‌پـێى پـزیشکى دادوه‌رى له‌ ئاکامى کێشان به‌ سه‌ریدا و خنکاندنى گیانى له‌ده‌ستداوه‌. باسى له‌وه‌ش کرد مۆبایل و چاویلکه‌ و پارچه‌یه‌کى جله‌کانى و کلیلى ئۆتۆمبیله‌که‌ى دیار نه‌ماون.

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نیـیه‌ گومانى لێبکرێت له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ گه‌نده‌ڵى کوژرابێت، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستان و خه‌ڵکى به‌ دورى نازانن.

بۆیکۆڵ بۆریسۆڤ سه‌رۆک وه‌زیرى بولگاریا گوتى له‌و بڕوایه‌دایه‌ له‌ ماوه‌یه‌کى کورتدا سه‌ره‌داوى تاوانه‌که‌ ئاشکراده‌بێت. گوتیشى باشترین شاره‌زایان تاوان لیکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌یسه‌که‌دا ده‌که‌ن و ژماره‌یه‌کى زۆرى نمونه‌ى DNA ى له‌ شوێنى تاوانه‌که‌ کۆکراونه‌ته‌وه‌.

ڤیکتۆریا له‌ به‌رنامه‌یه‌کى ته‌له‌فیزیۆنى له‌سه‌ر که‌ناڵى TVN ى بولگارى باسى له‌وه‌ کردبوو کاربه‌ده‌ستان له‌ نێو حکومه‌تى وڵاته‌که‌ى له‌و پارانه‌یان خواردووه‌ که‌ له‌ لایه‌ن یه‌کێتى ئه‌وروپاوه‌ دراون به‌ وڵاته‌که‌یان. گوتویه‌تى که‌سانى زۆر باڵا له‌و گه‌نده‌ڵیـیانه‌ تێوه‌گلاون و 30 هه‌تا40% ى کۆى ئه‌و پارانه‌ى یه‌کێتى ئه‌وروپا به‌ بولگاریاى داوه‌، دزراون یان به‌ به‌رتیل خوراون.

 

 

 

 

 

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا