Error: No articles to display

ئه‌مه‌ریکا هه‌ردوو وه‌زیرى داد و ناوخۆى تورکیا سزا ده‌دات

ئاب 04, 2018

ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا سزاى به‌سه‌ر دوو وه‌زیرى تورکیا سه‌پاند له‌پاش ئه‌وه‌ى ئه‌نکه‌ره‌ داواکه‌ى واشنتنى ڕه‌تکرده‌وه‌ بۆ ئازادکردنى قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ بره‌نسن که‌ نزیکه‌ى 2 ساڵه‌ ده‌سـتگیریان کردووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1 ى ئابى 2018 وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ى ڕایگه‌یاند سزاى سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له‌ عه‌بدولحه‌مید گول وه‌زیرى دادى تورکیا و سلێمان سۆیلو وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا که‌ گه‌وره‌ى ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ن، ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ پـێشێلکردنى مافه‌کانى مرۆڤ.

به‌پـێى سزاکان هه‌موو موڵک و سه‌روه‌ت و سامانى ئه‌م دوو وه‌زیره‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا سڕده‌کرێن و هه‌روه‌ها نابێت هیچ ئه‌مه‌ریکایـیه‌ک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکات.

ستیفن مه‌نوخن وه‌زیرى خه‌زینه‌ى ئه‌مه‌ریکا گوتى ده‌ستگیرکردنى ناڕه‌وایانه‌ى قه‌شه‌ بره‌نسن و به‌رده‌وامبوونى لێکۆڵینه‌وه‌ى کاربه‌ده‌ستانى تورک له‌گه‌ڵى جێى قبوڵ نیـیه‌.

له‌ لایه‌کى دیکه‌ سارا سانده‌رز ووته‌بێژى کۆشکى سپـى گوتى قه‌شه‌ بره‌نسن قوربانیـیه‌ و به‌بێ هیچ پاساوێک ڕووبه‌ڕووى مامه‌ڵه‌یه‌کى سته‌مکارانه‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تى تورکیاوه‌.

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى سه‌پاندنى سزاکان به‌سه‌ر تورکیا، به‌هاى لیره‌ى تورکى به‌ شێوه‌یه‌کى به‌رچاو هاتووه‌ته‌ خوارێ.