Error: No articles to display

باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ى خۆى پـێشکه‌ش کرد

تشرینی یەکەم 09, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ پـۆسته‌که‌ى پـێشکه‌ش کرد و ده‌ڵێت کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ پشوو بدات و که‌سێکى دیکه‌ ئه‌م پـۆسته‌ بگرێته‌ده‌ست.

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ نیکى هه‌یڵى له‌ کۆشکى سپى له‌ لایه‌ن دۆناڵد ترامپ سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکاوه‌پـێشوازى لێکرا و پـێکه‌وه‌ بۆ میدیاکان لێدوانیان دا.

ترامپ سوپاسى خانم نیکى هه‌یڵى کرد بۆ ئه‌و خزمه‌تانه‌ى پـێشکه‌ش به‌ وڵاته‌که‌ى کردووه‌، هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ى فه‌رمانڕه‌واى ویلایه‌تى ساوپ کارۆلاینا بووه‌ هه‌تا له‌ ماوه‌ى سه‌رۆکایه‌تیـیه‌که‌ى باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بووه‌.

وتیشى نزیکه‌ى 6 مانگ ده‌بێت نیکى هه‌یڵى له‌م خواسته‌ى ئاگادارى کردووه‌ته‌وه‌ و وتویه‌تى ده‌یه‌وێت هه‌تا کۆتایى ئه‌مساڵى 2018 له‌و پـۆسته‌دا بمێنێته‌وه‌.


سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا باسى له‌ تواناکانى ئه‌م خانمه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک هیندیه‌ کرد که‌ چه‌نده‌ لێهاتوو و به‌ توانایه‌ و ئاگادارى هه‌موو مه‌سه‌له‌کانى جیهانه‌. وتیشى پـێکه‌وه‌ توانیویانه‌ چه‌ندان کار به‌ سه‌رکه‌وتوویى ئه‌نجام بده‌ن، له‌وانه‌ به‌روپـێشچوون له‌ هه‌وڵه‌کان بۆ ده‌ستبه‌رداربوونى کۆریاى باکور له‌ چه‌کى ناوکی.

لاى خۆیه‌وه‌ نیکى هه‌یڵى سوپاسى ترامپى کرد بۆ ستایشکردنى و هه‌روه‌ها ئه‌و کارانه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوو له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌نجامیداون و وتى له‌م دوو ساڵه‌دا گۆڕانکارى به‌سه‌ر ڕێبازى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا هاتووه‌ و ئێستا وڵاتان زیاتر له‌ جاران ڕێز له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌گرن.

پاشان ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى ڕه‌تکرده‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن به‌نیازه‌ وه‌کو کۆماریـیه‌ک خۆى به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ساڵى 2020 کاندید بکات، وتى هیچ پـلانێکى وه‌هاى نیـیه‌، به‌ڵکو به‌ڵێن ده‌دات جارێکى دیکه‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن بۆ ترامپ ئه‌نجامبداته‌وه‌.