Error: No articles to display

دوو ژنى موسوڵمان ده‌بنه‌ ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا

تشرینی دووەم 07, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


بۆیه‌که‌مجار له‌مێژووى ولایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مه‌ریکا دوو ژنى موسڵمان له‌ ویلایه‌ته‌کانى میشگن و مینیسۆتاى ئه‌مه‌ریکا سه‌رکه‌وتن بۆ بوون به‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر لیستى دیموکراته‌کان خۆیان کاندیدکردبوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا که‌ رۆژى سێ شه‌ممه‌ 6ى تشرینى دووه‌مى 2018 به‌ڕێوه‌چوو .

هه‌ڵبژاردنى دوو کاندیده‌که‌ى دیموکراته‌کان هاوکاته‌ به‌ بردنه‌وه‌ى زۆرینه‌ى کورسییه‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و کۆنترۆڵگرتنه‌وه‌ ده‌ستى ئه‌م خانه‌یه‌ بۆیه‌که‌مجار له‌ماوه‌ى هه‌شت ساڵدا. هه‌رچه‌نده‌ کۆمارییه‌کان توانیان ژماره‌ى کورسییه‌کانیان له‌ ئه‌نجومه‌نى پیران زیاد بکه‌ن و کۆنترۆڵى ئه‌و خانه‌یه‌یان له‌ ده‌ست خۆیاندا بهێڵنه‌وه‌. به‌وه‌ش کۆنگرێسى هاوشێوه‌ى وڵاته‌که‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو پارتدا دابه‌شبووه‌.

ئیلهان عومه‌ر، ته‌مه‌ن 37 ساڵ که‌ کاندیدى دیموکراته‌کان بوو بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ بازنه‌ى 5 ى ویلایه‌تى مینیسۆتا توانى به‌ ده‌نگى 78.8% ى ده‌نگده‌ران سه‌رکه‌وێت به‌سه‌ر جێنێفه‌ر زلنسکى کاندیدى کۆماریـیه‌کان که‌ ته‌نیا 21.6% ى ده‌نگه‌کانى به‌ده‌ستهێنابوو.

به‌م ئه‌نجامه‌ ئیلهان عومه‌ر ده‌چێته‌ پاڵ ڕه‌شیده‌ تڵه‌یبى به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک فه‌ڵه‌ستینی، ئه‌وه‌ى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ ناوچه‌یه‌کى ویلایه‌تى میشیگن سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا.

ئیلهان له‌ ڕێگه‌ى تویته‌ره‌که‌یه‌وه‌ سوپاسى لایه‌نگرانى کرد و نووسیویه‌تى "ئه‌مه‌مان پـێکه‌وه‌ کرد. سوپاس!"

ئیلهان که‌ له‌ دایکبووى مۆگادیشۆى پایته‌ختى سۆماڵه‌، ته‌مه‌نى منداڵى له‌ که‌مپـێکى ئاواره‌کان له‌ کینیا به‌سه‌ربردبوو، پاشان له‌ ساڵى 1995 به‌ خێزانه‌وه‌ کۆچیان بۆ ئه‌مه‌ریکا کردووه‌، سه‌ره‌تا له‌ ویلایه‌تى ڤێرجینیا نیشته‌جێبوون، دواتر ڕوویان له‌ ویلایه‌تى مینیسۆتا کرد. ساڵى 2011 له‌ زانکۆى نۆرپ داکۆتا بڕوانامه‌ى به‌کالۆریۆسى له‌ زانسته‌ سیاسیـیه‌کان وه‌رگرت. ساڵى 2016 بووه‌ به‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ویلایه‌تى مینیسۆتا، به‌مه‌ش یه‌که‌م ژنه‌ موسڵمان بوو بچێته‌ ناو ئه‌نجومه‌نى ویلایه‌تێکى ئه‌مه‌ریکاوه‌.